وشککردنى ئاوى زێى بچووک و خنکاندنی هەرێمى کوردستان

شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

ئەم پڕۆژەیە سی و پێنج هەزار ملیار تمەنی تێچووە و بەنداوەکە ٣٦ مەتر سێجا پانتایەتی و ئاوی کانی سێو بۆ گۆلی ورمێ دەگوازێتەوە. بەنداوى کانى سێو، سەرەڕای ناڕەزایەیی خەڵکی خۆجێی و پسپۆڕانى ژینگەیی، کەچى تەواو بووە و تایبەت کراوە بۆ گواستنەوەی ئاو بۆ گۆلی ورمێ کە وەک خەڵکى ورمێ و کوردنشینى ڕۆژهەڵات باسى لێوە دەکەن “بە هۆى سیاسەتەکانی دەسەڵات لە ئێران”، وشک بووە.

ئاوەکە چۆن دەگوازرێتەوە بۆ گۆلى ورمێ؟
بۆ ڕزگارکردنى گۆلى ورمێ لە وشکبوون، بەنداوى کانى سێو دروست کرا و ئێستا ئەو بەنداوە وەک هەنگاوى یەکەم دەست بە بردنى ئاوەکەى کراوە بۆ گۆلى ورمێ. لە هەنگاوى یەکەمدا (٣٠٠ ملیۆن مەترى چوارگۆشە) ئاو دەگوازرێتەوە بۆ گۆلى وشکبووى ورمێ. هەرچەندە دەسەڵاتدارانى ئێران گوتوویانە کە لە وەرزى چاندن و کشتوکاڵدا سەرەتا دابینکردنى ئاوى شیرن و ئاوى کشتوکاڵى لە پلەى یەکەم دێت و لە کاتى پێویست ئاوەکە دەگوازرێتەوە بۆ گۆلی ورمێ، بەڵام خەڵکەکە بڕوایان بەم قسەیە نییە.
ئاوى کانى سێو کە لە ڕێگەى تۆنێلێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ گۆلی ورمێ، لە ڕێگەى ٢٦ بەرنامەوە کۆنترۆڵ دەکرێت. تۆنێلەکەش ٣٦ کیلۆمەترە. واتە ئاوەکە دواى تێپەڕین بە تونێلێکى ٣٦ کیلۆمەتری و کەناڵێکى ١١ کیلۆمەترى و تێپەڕین لە ڕێڕەوی ڕووبارەکە، ئەوجا دەڕژێتە گۆلاوی ورمێ. بە پێى ئامارەکانى ئێران، ملیارێک مەترى چوارگۆشە ئاو لە گۆلى ورمێدا هەیە و دوو ملیار مەترى چوارگۆشەش بەهەڵم بووە، بۆیە لە ماوەى پێنج ساڵ دەبێت ٦٠٠ ملیۆن مەترى چوارگۆشە ئاو بڕژێتە نێو گۆلى ورمێ.
ڕووبارى زێى بچووک کە دەڕژێتە نێو هەرێمی کوردستان، لە ساڵى ڕابردووەوە، وردە وردە بەرە و وشکبوون ڕۆیشتووە و ئەو ئاوەى کە لێوەى دەڕژێتە هەرێمى کوردستان زۆر کەم بووەتەوە. هەروەها گوندەکانی کاسەکڕان و سوغانلوى ڕۆژهەڵاتى کوردستان بەهۆى ئەو بەنداوەوە کەوتوونەتە ژێر ئاو و خەڵکی گوندەکان بە نابەدڵی زێدەکانیان چۆڵ کردووە و بە ناچار دەرکراون و تا ئێستاش بە هیچ جۆرە خەسارێکى ماددى و مەعنەوی قەرەبوو نەکراونەتەوە.
ناسر کەرباسی، مامۆستای زانکۆی ژینگەیی لە زانکۆی تاران باسى لەوە کردووە کە “گواستنەوەی ئاوی زێى بچوک بۆ گۆلی ورمێ چارە نییە، تەنیا دەبێتە هۆی وشکبوونى چۆمی زاب و پاش چەند ساڵ دیسان دەگەڕینەوە بۆ خاڵى سفر”. حوسێن ئاخانی، مامۆستای گیاناسی زانکۆی تارانیش گوتوویەتى “ئەم بەنداوە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆژییەوە مردووە و دەبێتە کێشە و مشتومڕی نێوان خەڵکی ناوچەکەش”
ئێران ئاوی بەنداوی زێی بچووکی لەسەر بەشە ئاوی هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە و ئێستا کێشە بۆ خەڵکی “دەڤەری ڕاپەڕین” دروست بووە.
ئێران ناهێڵێت ئاوی ئەو بەنداوە بۆ هەرێمی کوردستان بێت. بەهۆی پێش پێگرتنی ئاوی ئەو بەنداوە، وەرزێران و ئاژەڵداران تووشی کێشەی بێئاوی بوونە.
ئێران لە وەرزی هاویندا ئاوی هەردوو ڕووباری “سیروان” و “زێی بچووک”ـى لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بە هۆیەوە پاشەکەوتە ئاوییەکانی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دادەبەزێت و زیانێکی زۆر بە خەڵک دەگات.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ساڵی ڕابردوو بڵاوی کردەوە، ئەو ئاوەى کە دەڕژێتە نێو بەنداوەکانی “دەربەندیخان” و “دووکان” دەرکەوتووە کە ئاوى هاتوو لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، لە ٤٥ میتری سێ جا لە چرکەدا دابەزیوە بۆ ٧ میتری سێ جا لە چرکەدا.
ئێران بەشێک لە ئاوی “زێی بچووکـ”ـی بۆ “گۆلی ورمێ” و ئاوی “سیروانـ”ـی بۆ لای پڕۆژە ئاویارییەکانی “کرماشان و سەرپێڵ زەهاو” کاناڵیزە کردووە.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ساڵی ڕابردوو لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردبووە: “ئەو کارەی وڵاتی ئێران بەپێچەوانەی هەموو یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکانە و ئاوی ڕووبارە هاوبەشەکان موڵکی هەردوو خەڵکی عێراق و ئێرانە، بە تەنها مافی هیچکام لەو وڵاتانە نییە”.

مەبەستى دروستکردنى بەنداوی کانی سێو:
بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە ، بۆ زیاتر لە دوو ساڵ دەچێت کۆمپانیایەکی بەنداو دروستکردنی سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە کانی سێوی پیرانشار دەستی بە دروستکردنی بەنداوێک کردوە .
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتوە مەبەست لە چێ کردنی ئەو بەنداوە ڕاگوێزانی ئاوی سەرچاوەکانی زێ گەورە یان بەرزاییەکانی دۆڵی شێخ ئایشێیە بۆ گوڵی ورمێ و بە پلان و لێدانی تونێلی ئاوی کە شوێنی تونێل لێدانەکەش دیاری کراوە کە گوندێکی ناوچەی نەغەدایە بە ناوی بەگم قەڵا و لە وێیشەوە بە شێوەی سروشتی هەناردە گۆلی ورمێ دەکرێت
شایانی باسە ئەو مەودایە بە گوێرە زانیارییە بەراییەکان زیاتر لە 20 کلیو میتر تونێل لێدانی دەوێت و دوو کەرەستەی ئەو کارەش لە وڵاتی چین کڕدراوە و کە مەزەندەی 1000 ملیارد تمەن بۆ هەر دەستگایەکی تونێل لێدان دەکرێت . لەدرێژەدا سەرچاوەکە دەڵێت :بەهۆی گەمارۆ ئابورییەکانەوە ئەو دوو دەسگای تونێل لێدانە بە نرخێکی زۆرتر لەوە ڕادەستی ئێران کراوە.
ڕاگوێزانی و هەناردەکردن و بەنداو دروستکردنی نابەرپرسانەی کاربەدەستان و سیستەمی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دیاردەیێکی نوێ نییە و چەندین بەنداوی گەورە لە سەر ڕوبارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی هەناردەکردنی ئاوى شیرین بۆ پارێزگا ناوەندییەکانی ئێران دروست کراون ، ئەمە لە هەلومەرجێکدایە کە ژینگەو سروشتی کوردستان شێوێندراوە و زۆربەی زەوییە کشتوکاڵییەکان دێمەڕۆن و گوندەکانی و تەنانەت شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە بەرەو ڕوون. وشک بونی گۆلی ورمێش هەر ئاکامی ئەو پلان هەڵە و نابەجێیانە بوو.

زێی بچووک لە کوێوە و بۆ کوێ دەچێت؟
زێی بچووک یان زێی کەڵوێ، ڕووبارێکی کوردستانە کە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و هەرێمی کوردستان تێپەڕ دەکات و دەڕژێتە ڕووباری دیجلە. درێژایییەکەی ٤٠٠ کیلۆمەترە و لە بەشێکیدا سنووری ئێران و عێراق دەستنیشان دەکات. لە باشووری کوردستان، بەنداوی دووکان و لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش بەنداوی سەردەشتی لە سەر دروست کراوە. دوای تێپەڕبوونی لە بەنداوی دووکان، سنووری ھەردوو پارێزگای ھەولێر و کەرکووک دیاری دەکات و دەڕژێتە دیجلە و لە کۆتاییدا تێکەڵی کەنداوی فارس دەبێت.
بەنداوی دووکان کە ئاوی زێی بچووکی دەڕژێتە ناوى، لە زۆربەی ئەو ناوچانەی کە ئەو ڕووبارەی پێدا تێدەپەڕێ، خەڵکەکە ناوێکی تایبەت بە خۆیان لەسەرداناوە، وەک (چۆمی کەڵوێ، چۆمی ڕیزی، چۆمی کەڵۆسێ، چۆمی بادیناوێ، چۆمی خدراوێ، چۆمی پردانان و چۆمی خاسی).
زێی بچووک لە سەرەتا و دەستپێکی بە ٢١٤٠ مەتر بەرزی لە ئاستی دەریاوە و لە ڕۆژھەڵاتەوە دەست پێ دەکات و بەرەو باشوور خۆی خوار دەکاتەوە و لە دۆڵێکی پان و بەرین لە دەڤەری پیرانشار بەرەو سەردەشت درێژەی ھەیە و دۆڵەکانی سنووری پشدەر ـ قەڵادزێ دەبڕێت و دەڕژێتە بەنداوی دووکان و لە کۆتاییدا دەڕژێتە دیجلە.
بە شێوەیەکی گشتی تا ئەم چەند ساڵەى ڕابردوو، زێی بچووک بە بەردەوامیی ساڵ ئاوی هەبووە و وشک نەبووە، بەو پێیەش بە ڕووباری وەرزی ھەژمار ناکرێت. ئێستا لە لایەن ئێرانەوە لە شارەکانی پیرانشار (بەنداوی سێلوێ و کانییە سێو) دوو بەنداو لەسەر ئەو چۆمە دروست کراوە و ئاوەکە دەبرێتە گۆلاوى ورمێ بۆ ئەوەى ئەو گۆلاوە وشکبووەى پارێزگاى ورمێ لە وشکبوون بپارێزن و بەمەش ئاوى باشوورى کوردستان و ئاوى بەنداوى دووکان کەو دەکرێتەوە و دەبێتە هۆى کەمبوونى ئاوى هەرێم.