ئومێد سه‌باح: له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ سوودانی كۆبووینه‌وه‌

سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران رایده‌گه‌یه‌نێت، لە بەغدا لەگەڵ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووینەوە.

ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسیوویه‌تی: دوێنێ، وەک شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا لە گەڵ محه‌ممه‌د شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووینەوە.
هه‌روه‌ها نووسیوویه‌تی: “لە کۆبوونەوەکەدا دوای گفتوگۆکردن دەربارەی بابەتە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، گەیشتینە رێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 و لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەردوولادا هەبوو”.
له‌مباره‌یه‌وه‌ هه‌ر دوێنێ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری، دکتۆر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و خالید چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم لە بەغدا لە گەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونەوە.
لە دیدارێکدا کە هەریەک لە دکتۆر فوئاد حسێن و محەمەد تەمیم جێگرانی سەرۆک وەزیران، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بەنگین رێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق ئامادەیبوون، تاووتوێی پشکی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023عێراق کراو، شاندی هەردوولا گەیشتنە رێکەوتنی سەرەتایی بۆ چارەسەری کێشەکان.