هەولێر و بەغدا، بڕیاریان داوە بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

بڕیارە ئەمڕۆ، جارێکی دیکە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە، گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا لەم قۆناغەدا لەسەر یاسای نەوت و گازە، کە دەتوانێ زۆر کێشە لە نێوان بەغدا و هەولێر چارە بکات. حکومەتی عێراق دەیەوێت لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا پڕۆژەیاساکە بنێرێت بۆ پەرلەمانی عێراق و گفتوگۆی لەسەر بکرێت، لە ئێستاشەوە هەردوولا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەن چۆن لە ڕێگەی یاسای نوێی نەوت و گاز. بتوانن کێشەکان چارە بکەن .

پڕۆژەیاسای نەوت و گاز، زیاتر لە 15 ساڵە لە پەرلەمانی عێراقە، مشتومڕ و ناکۆکی سیاسی نێوخۆی شیعەکان ڕێگر بووە لە تێپەڕاندنی؛ بەڵام دەرکردنی یەکێکە لە خاڵەکانی بەرنامەی کاری حکوومەتی نوێی عێراق، لەو چوارچێوەیەشدا هەم شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، هەم سەرکردایەتیی کوردستان جەختی لە دەرکردنی ئەو یاسایە کردەوە وەکو بنەمایەک بۆ چارە زۆر پرس لە نێوان هەردوولادا .
لە دوو گەڕی گفتوگۆی نێوانیاندا، هەردوولا ڕێک کەوتوون بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئەوەی بتوانن ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ئامادە بکەن و دواتر، کە بۆچوونی هەردوولای لەسەر بوو، ئینجا بنێردرێت بۆ پەرلەمانی عێراق .بەپێی زانیارییەکان، گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی هەردوو پڕۆژەیاسای نەوت و غاز و بودجە بەردەوام دەبن تاوەكو دەگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی.
حکوومەتی نوێی عێراق بە پشتیوانی پارتی و یەکێتی، وەکو بەشێک لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت پێک هات، بەڵام بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە ماوەی ڕابردوودا جارێکی دیکە کێشەی بۆ پەیوەندییەکانی هەردوولا دروست کرد، سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی بە سیاسی دەزانێت. پەیوەندییە ناجێگیرەکانی حکوومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو سەرچاوەکەی دەست لە پشتدانی هەندێک هێزی سیاسی بووە لە بەغدا، ئێستا نوێنەرانی کورد دەڵێن ئەگەر دادگای فیدراڵی و هەندێک هێز بەردەوام بن لەو گوشارە سیاسیانە، هەموو بژاردەیەک لەبەردەم سەرکردایەتی کورد کراوەیە، چونکە بنەمای ئەو ڕێککەوتنەی کرا بۆ پێکهێنانی حکوومەت، هاوبەشی و چارەسەری کێشەکان و ناردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستانە. بە گوێرەی دەستووری عێراقیش، هەرێمی کوردستان پێویستە بە تەواوی پشکی خۆی لە بودجەدا وەربگرێت. سەرەڕای ئەوەش، بێ بودجەیی عێراق دوای زیاتر لە ساڵێک دۆخەکەی لەسەر خەڵک خراپتر کردووە، بەتایبەت ئەرکی حکوومەتییشی قورس کردووە لە چاکسازی ئابووری و چارەی کێشەکان لە چوارچێوەیەکی یاساییدا، بەڵام بەپێی گوتەی چەند بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان بۆ میدیا عەرەبییەکان، بەشداری لایەنەکانی کوردستان بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکوومەت بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەی سیاسی بووە، سەرکەوتووش بوون لەو هەوڵە، بەڵام هەندێک هێزی سیاسی هەن وەکو ئەو بەرپرسانە دەڵێن، دەیانەوێت ئەو بنەمایە بشکێن، پارتیش ڕێگە بەوە نادات و قبووڵیشی ناکات .
هاوشانی ئەوەش کۆنگرێسی ئەمریکا بەردەوامە لە گوشارەکانی بۆ سەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەتایبەت لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کۆنگرێس؛ پێش ماوەیەک کۆنگرێسمانی ئەمریکا، مایکڵ مەکۆڵ سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس داوای لە وەزارەتی دەرەوە و خودی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد هاوکاری زیاتر بکات بۆ چارەی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.
ماکۆڵ لە نامەکەیدا دەڵێ : لە ئابی ڕابردووش نیگەرانیم دەربڕی بەرامبەر بەردەوامی ناکۆکی نێوان هەردوو حکوومەت کە کاریگەری خراپیان لەسەر سەقامگیری و گەشەسەندنی ئابووری عێراق هەبووە، لەکاتێکدا هەڕەشەی دەرەکی لەسەر عێراق هەیە، گرنگە هەردوو حکوومەت بنەمایەکیان هەبێت بۆ چارەکردنی کێشەکان .
لە نامەکەدا هاتووە : ڕاستە حکوومەتی نوێی عێراق دەرفەتی ڕەخساند بۆ گەشەسەندنی عێراق، بەڵام ئێستا هەنگاوی کرداری پێویستە بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و لە چوارچێوەیدا کێشەکان چارە بکرێن، بەتایبەت لە چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەردوولا لە داهات و دابەشکردنی سەرچاوە سرووشتیەکان.
مەکۆڵ نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و دەڵێ : ڕەنگە ئەو بڕیارە ببێتە زنجیرەیەکی دیکەی کێشە لە نێوان هەردوولا و مەترسی بخاتە سەر پەیوەندییەکی ئاشتیانەی نێوان هەردوو حکوومەت، بەتایبەت کە خەڵك لە دۆخێکی خراپدایە.
هەر لە نێوەڕۆکی ئەو نامەیەدا، ئەندامەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێ: گرنگە عێراق سەرچاوە سرووشتیەکانی بۆ خزمەتی خەڵکەکەی بێت، نەک بۆ ئەکتەر و ئەو لایەنانە بڕوات بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق بە بەرژەوەندی کار دەکەن .
داوا دەکات گوشار بخاتە سەر بەرپرسانی حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست بۆ چارەی ئەو کێشانە هەبێت، پێویستە ئەمریکا پابەندی خۆی پێشان بدات بۆ کارکردن لەگەڵ هاوبەشانی لە عێراق .
ئەندامەکەی کۆنگرێسی ئەمریکا لە کۆتایی نامەکەیدا دەڵێ : پێویستە یەکگرتوویی عێراق لەوە سەرچاوە بگرێت کە سەروەت و داهاتەکەی بە یەکسانی بەسەر خەڵکدا دابەش بکرێت، بەشە بودجەی شایستەی هەرێمی کوردستانیش دابین بکرێت .