كارزان گلی – ههولێر
بوومەلەرزەكەی شەشی شوبات لە توركیا و باكووری كوردستان، جیا لەوەی هەزاران كەس بوونە قوربانی و هەزاران باڵەخانەش رووخا، لەڕووی ئابوورییەوە كاریگەریی زۆر خراپی بۆ توركیا هەیە و پێشبینی دەكرێت، بۆ 2023 ئابووری توركیا 1% دابەزێت و هەروەها هەڵاوسانی ئابووریش زیاتر بەرز ببێتەوە.
دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردەوە، بوومەلەرزەكەی شەشی شوبات، لە یانزە شاری توركیای داوە، كاریگەریی لەسەر ١٤ملیۆن مرۆڤ هەبووە، هەروەها زیانە ئابوورییەكانیش دەیان ملیار دۆلارە و كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و وزە و كارگە گەورەكان بەتەواوی لەكار كەوتوون، جیا لەوەش كەرتی گەشتوگوزاری ئەو ١٠ شارە بووەتە سفر.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی (DW) بەشی توركی، شاری مەڕەش بەتەنیا 36% بەرهەمی (داو) بۆ توركیا دابین دەكات و هەروەها بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی دەنێرێت، هەروەها تەنیا عەنتاب 60% مافووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابین دەكات، هەروەها شاری هەتای گەورەترین كارگەی ئاسنی لێیە كە 21% پێداویستیی ناوخۆی توركیا دابین دەكات، هەروەها لە رۆحای باكووری كوردستانیش، بەرهەمی گەنم و نیسك بەڕێژەیەكی زۆر دابین دەكرێت و هەروەها لەڕووی گەشتیارییشەوە رۆژانە دەیان هەزار گەشتیار رووی تێ كردووە، بەڵام ئێستا بەهۆی بوومەلەرزەی شەشی شوباتەوە، هەموو ئەو بەرهەمانەی لەو شارانەی بوومەلەرزەی تێدا رووی داوە راوەستاوە، ئەمەش كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ئابووری توركیا دەبێت.
دكتۆر موراد كوبیلای، لە راپۆرتێكدا بۆ ئەنیستیتۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە سەنتەرەكەی لە واشنتۆنە، پێشبینی دەكات لەمساڵدا لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار رووبەڕووی داشكانێكی گەورە ببێتەوە، ئابووری توركیاش دووچاری شۆكێكی گەورە دەبێتەوە و هەڵاوسان بەرز دەبێتەوە.
كوبیلای پێیوایە، بوومەلەرزەكەی پێشووتری وان و مەڕمەڕا، جیاوازە لەگەڵ ئەوەی ئێستا، چونكە ئەو دوو بوومەلەرزەی پێشووتر لە ناوچەیەكی دیاریكراو بووە، بەڵام ئەوەی شەشی شوبات، ناوچەیەكی فراوان و گەورەیە و تابلۆی زیانەكان تاوەكوو ئێستا ئاشكرا نەكراوە.
توركیا لەڕووی كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییەوە، ماوەی دوو ساڵ دەبێت كەوتبووە ناو قەیرانێكی سەختەوە، بەوەی وشكەساڵی بەرهەمی جوتیارانی كەم كردبوو و ئاژەڵداریش بەهەمان شێوە، بۆیە جوتیارەكان بیریان لەوە كردبووەوە شوێنی خۆیان بەجێبهێڵن و روو لەشارە گەورەكان بكەن، ئەم بوومەلەرزەیەش بەشێكی زۆری ئاژەڵەكانی توركیای لەناو برد و كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر كەرتی كشتوكاڵیش هەبووە، بۆیە چاوڕێ دەكرێت، نرخی خۆراك زۆر بەرز ببێتەوە و توركیا رووبەرووی قەیرانێكی سەختی ئابووری ببێت.
كوبیلای پێشبینی دەكات، توركیا ئابوورییەكەی بۆ 2023 نزیكەی 1% بچووك ببێتەوە و هەروەها ٢٠ملیار دۆلاریش زیانی ئابووری بەر وڵات دەكەوێت.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، پلانی دانابوو بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی، هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا بۆ خوار 50% دابەزێنێت، بەڵام بوومەلەرزە هەموو پلانەكانی ئەردۆغانی تێكدا و شارەزایانی بواری ئابووری پێیانوایە، بەهیچ شێوەیەك ئەردۆغان ناتوانێت هەڵاوسان بگەیەنێتە خوار 50%، بەڵكوو هەڵاوسان زیاتر بەرز دەبێتەوە، چونكە كاتێك كەرتی كشتوكاڵ لەكاركەوت، كەواتە نرخی هەموو شتێك گران دەبێت.
ئەم بوومەلەرزەیە، كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی توركیا و وڵاتان دەبێت، لە 2022دا، توركیا كورتهێنانی لە ناردنی بەرهەمی ناوەخۆیی هەبوو بۆ وڵاتانی ئەورووپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە بە ١١٠ملیار دۆلار خەمڵێندرا، لە 2023یشدا، لە مانگی یەكدا ١٤ملیار دۆلار كورتهێنانی هەبووە لە ناردنی بەرهەمی توركیا بۆ وڵاتان، دوای بوومەلەرزەكەش ئەو رێژەیە زۆر بەرزتر دەبێتەوە، چونكە ئیدی هەموو ئەو بەرهەمانەی توركیا پێشتر رەوانەی دەرەوەی دەكرد، دەبێت بۆ پێداویستیی ئەو شارانە دابینی بكات كە بوومەلەرزە لێیدا و ١٤ملیۆن مرۆڤی تێدا دەژیت.
زیانە مادییەكانی توركیا زۆر باسی لێوە دەكرێت، هەر دەزگایەك لەرێگەی بەداواداچوون و پێشبینی خۆیەوە ژمارەیەك بڵاودەكاتەوە، بەڵام ئەوەی باسی لێوە دەكرێت و بەشێكی زۆری ئابووریناسان كۆكن لەسەری، زیانە مادییەكان كەمتر نییە لە ٨٠ملیار دۆلار، ئەم پارەیەش بۆ ئێستای توركیا زۆر زۆرە، چونكە توركیا جگە لەوەی قەرزێكی زۆری بانكە نێودەوڵەتییەكانی لەسەرە، هەروەها دووچاری قەیرانێكی سەختی ئابوورییش بووەتەوە، بۆیە 2023 بۆ توركیا لەڕووی ئابوورییەوە هیچ گەشبینییەكی تێدا نییە و ئەگەر زۆرە، قەیرانە ئابوورییەكەی، حكوومەت ناچار بكات بڕیاری بەپەلە دەربكات، كە دیارترینیان زیادكردنی باجە لەسەر هەموو كەلوپەلێك