مەزهەر كەریم – سلێمانى
كوڕێكی تەمەن ٣٧ ساڵان بە ناوی هاوڕێ ئەنوەر كە لە گەڕەكی ڕەحیماوای كەركوک ژیان بەسەر دەبات، ئێستا گەڕاوەتەوە شاری هەڵەبجە و بە دوای كەسوكارەكەیدا دەگەڕێت دەڵێت: “پیاوێك بە ناوی مەحمود فەتاح باوكی ڕاستەقینەمە” بەڵام ئەو ڕەتی دەكاتەوە كوڕی ئەو بێت.
هاوڕێ ئەنوەر ناسراو بە كوردەوان چیرۆكی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: “ماوەی ساڵێك دەبێت سۆراخی كەسوكارەكەم دەكەم لە ناو شاری هەڵەبجە؛ بەپێی دوایین پشكنینی پزیشكی DNA من كوڕی ڕاستەقینەی مەحمود فەتاحم دوایین بڕیاری دادگاش لەو بارەیەوە مانگی داهاتوو دەبێت كە بڕیاری كۆتایی دەدات وەك پێداچوونەوە بە بڕیارەكەدا”.
ئەو وتیشی: “ئەگەر مەحمود فەتاحی باوكم ڕازی بێت ئەوا دەچینە ئەمریكا و دوایین پشكنین دەكەین بەڵام ئەو ڕەتی دەكاتەوە؛ هەوڵیش هەیە لە ڕێگەی كەسانێكەوە قسە لەگەڵ مەحمود فەتاح بكرێت تا هەردوو بگەینە رێكەوتنێك لەو بارەیەوە، چیتر هێندە قەسە لەوباریەوە نەكرێت، هەرچەندە ڕووبەروو نایەوێت من ببینێت، بەڵام من هەركاتێك باسی دەكرێت سڵاوی بۆ دەنێرم سڵاوم هەیە بۆی.”
مەحمود فەتاح ڕەتی دەكاتەوە هاورێ ئەنوەر كوڕی بێت وتی: “هاورێ دەڵێت من تەنیا لە ئەمریكا پشكنینی پزیشكی (DNA) دەكەم ناچمە هیچ وڵاتێكی دیكە بەهۆی ئەوە من تانەم هەیە لە بڕیارەكەی دادگا دەبێت من پارەی پشكنین و سەفەرەكە بدەنم منیش نەخۆشی شێرپەنجەم پارەم نیە ئەو كارە بكەم بچینە ئەمریكا كوردەوانی كوڕیشم مردووە و بەدەستی خۆم ناشتوومە”.
دەیشڵێت: “چەند كارێك داوام لە هاوڕێ كردووە با بچینە هەولێر لەلایەن چەند رێكخراوێكەوە پشكنینی نوێ بكەین خۆیشم ئامادە دەبم، بەڵام ئەو ڕەتی دەكاتەوە ئەگەر ئامادە بێت پشكنینەكان بكەین لە جێگەیەكی دیكە پشكنینی پزیشكی و قانوون بڕیاری دڵنیایی بدەن بە من، كە كوڕمە ئەوا لە بەردەم ماڵەكەی خۆمدا دەیكەمە شایی و خۆشی و شادی و، شانازیی پێوە دەكەم.”
هەرچی لوقمان عەبدولقادر سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەیە لەوبارەیەوە وتی: “پێویستە پشكنینێكی پزیشكی دیكە بكەن ئەم دۆسیەیە لای ئێمە جێگەی پرسیارە دەبێت دادگا بڕیاری كۆتای بدات، دەبێت واز لە هەندێك قسە بهێنرێت كە لێرەولەوێ دەكرێت، چەند حاڵەتێكی دیكەی لەم شێوەیە لە ساڵانی ڕابردوودا هەبوونە كە كەسانێك هاتوون وتوویانە ئێمە هەڵەبجەیین بەڵام وەها نەبووە”.
وتیشی: “ئەوەش لە بەردەستی ئێمەدایە سەدوحەفتاوپێنج خێزان نووسراویان هەیە لای ئێمە كە هەڵەبجەیین سەدوهەژدە منداڵیان لە كاتی كیمیابارانەكەدا دیار نەماون تا ئێستا پێنج منداڵ گەڕاونەتەوە لای خێزانەكانیان هەڵەبجەیی بوون”.