خۆشمدەوێی.
دەپرسی : چۆن ؟
لە من وایە:
جەستە و گیانم
مەرگ و ژیانم
هەموو هی تۆن!
وادەزانم
مۆڕەکانت
خەندەکانت
ڕۆمانی تاڵ و شیرینی
پڕ گفتوگۆن
واهەستەکەم
نیگاکانت
پێڵوەکانت
ڕۆژ ڕوون و تەمی چڕی
کەلی ئاسۆن
سەرنج دەدەم
چی خەیاڵمە
چ شاکار و
چ شعرێکی کرچ و کاڵمە
لەسەر باسی عیشقت دەڕۆن.
خۆشمدەوێی
دەپرسی : چەند ؟
من پێموایە:
بە گشت گەردوون
بە تێکڕای بوون
ناکرێ مەزەند!
سوور دەزانم
ئەستێرەکان
ساڵ و مانگ و ڕۆژژمێرەکان
لە ئاست پڕووشەی ئەوینت
هێندە کەمن، ناگرێن بەهەند!
لەمن ڕوونە:
خۆشەویستیم
لەڕێی تۆدا، خۆنەویستیم
وەک داستانی ئەوینداریی
وەک ئەفسانەی فیداکاریی
تاهەتایە دەبێتە پەند!
شکم نییە:
هەستەکانم
تاک تاکی هەڵبەستەکانم
بۆ ناو پێشەنگا و یادگاری
دەبنە وێنەی زیندوو و دیاری
هەزار ڕەهەند!
خۆشمدەوێی
دەپرسی : بۆ ؟
لای من وایه:
دەیان وتار.
سەدان هۆکار
نابن بە هۆ!
پێموایە گەر لەتۆ دوور بم
بەختەوەریی و
ڕۆژی خۆشی بیرەوەریی
وێڵم دەکەن
نامگرنەخۆ!
دادەمێنم
لەوەی ماوم
لە کۆی عومری ڕابووراوم
دڵم هەر بۆ تۆ لێیداوە
خوێنیشم هەر لەپێناوت
کەوتۆتە جۆش و هاتوچۆ! ڕادەمێنم
لەبەر چاوم
لەبەر نێونیگای تاساوم
حۆری و پەری
لە ناو بەهەشتی خوداشدا
دێنەوە سەر جوانیەکەی تۆ