هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

له‌ هه‌ولێر بڕیاریك سەبارەت بە سەگە بێلانەكان درا

ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەم بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا بە مەبەستى دروستکردنى پەناگەیەک بۆ داڵدەدانی سەگى بێلانە و کەمکردنەوە و نەهێلانی ئەو سەگانە لە سەر شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان کە بوونەتە مەترسى بۆ سەر گیانى هاووڵاتییان و بڵاوبوونەوەى نەخۆشی و پەتا.

لە کۆبوونەوەکەدا كه‌ سه‌رجه‌م لایەنه‌ پەیوەنداره‌كان ئامادەى بوون، پاڕێزگارى هەولێر بۆ چارەسەرکردن و دوورخستنەوەی سەگى بێلانە لەناو شار کە دیاردەیەکى ناتەندروست و ناشارستانی دروست کردووە، ڕایگەیاند “پارچەى زەوى پێویستمان لە دەرەوەى شار دابین کردووە”.

ڕاشیگه‌یاند “سەرجەم لایەنە پەیوەندارەکانیش ڕاسپێردراون لە زووترین کاتدا دەست بکەن بە ئامادەکارى پێویست بۆ دروستکردنى پەناگە (شێلتەرێک) لەو پارچە زەوییەى کە تەرخانکراوە وەک قۆناغى یەکەم، هه‌روه‌ها لە قۆناغى داهاتووشدا دەست ده‌کرێت بە هەڵمەتى گرتن و کۆکردنەوەى ئەو سەگانە لەو شوێنەدا لەپێناو بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان و بەرەنگاربوونەوەی زیادبوون و ڤاکسینکردنیان”.

بڵاوبوونەوەى سەگى بێلانە لە شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان جگە لەوەى دیاردەیەکى ناشارستانییان دروستکردووە، لە ڕووى تەندروستیشەوە هەبوونى ئەو ئاژەڵە بێلانانە لەناو شاردا هۆکارێکن بۆ بڵاوبوونەوەى نەخۆشییە گوازراوەکان و مەترسیین بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان بە تایبەتی منداڵان.