چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سبەی شاندی حکوومەتی هەرێم دەچێتەوە بەغدا

پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣، ئەم ھەفتەیە دەگاتە پەرلەمانی عێراق. سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، دەڵێت: سبەی شاندی حکوومەتی ھەرێم بە مەبەستی ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر ھەردوو پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق و نەوت و گاز، سەردانی بەغدا دەکاتەوە.

بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی، پێویستە ساڵانە تاوەکو ١٥ی مانگی ١٠ پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە پەرلەمانی عێراق، ٤ مانگ لەسەر ئەو وادەیە تێپەڕیووە تا ئێستە حکوومەت پڕۆژەیاساکەی ڕەوانەی پەرلەمان نەکردووە. ساڵی ڕابردووش عێراق یاسای بوودجەی نەبوو.
بەگوێرەی کارنامەی حکوومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەبوو بەر لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٣ ڕێککەوتن لە نێوان ھەولێر و بەغدا لەبارەی بودجە بکرایە، بەڵام بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی لەدژی ناردنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان، بە یەکێک لە بەربەستە یاساییەکانی بەردەم ڕێککەوتن لەو بوارەدا دادەنرێت، کە پێویستی بە چارەیە.
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کە ئەندامی شاندەکەی حکوومەتە، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن گوتی: گفتوگۆی شاندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبێت تاکو گەیشتن بە چارەی بابەتە ھەڵپەسێردراوەکان بەتایبەتی یاسای نەوت و گاز و پڕۆژەیاسای بودجە.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بۆ دەزگاکانی ڕایگەیاند، دەڵێ: شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی دوو شەممە، واتە بەیانی دەگەڕێتەوە بەغدا و تا ڕۆژی پێنج شەممە دەمێننەوە و بەردەوامی بە گفتوگۆکانیان دەدەن.
گوتیشی: کۆبوونەوەکانی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق دەبێت سەبارەت بە پڕۆژەیاسای نەوت و گاز و لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوو لێکگەیشتنی باش ھەبوو و ڕێککەوتنی سەرەتایی لەسەر پڕۆژەیاساکە کراوە.
فارس عیسا، ئاماژەی بەوەشدا، کۆبوونەوەکانی پێشووتر لە بەغدا ئەنجامی باشیان لەسەر پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢٣ی عێراق ھەبووە و تاڕادەیەکی زۆر لە ڕێککەوتن و ڕێگەچارەی ھاوبەش نزیک بوونەتەوە.
جوتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: ئامانجمان ھاوبەشییەکی ڕاستەقینەیە لەگەڵ بەغدا، حکوومەت لەگەڵ چارەی سەرجەم کێشە و گرفتەکانە و ڕێککەوتنی ھەردوو حکوومەت لە بەرژەوەندیی ھەموو خەڵکی عێراقە.
سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەش، جوتیار عادل، ڕایگەیاند: لەسەر یاسای بودجە ھەندێک بابەت ماوە، لە چوارچێوەی ئەو یاسایە، مافەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەدی دێت، تەنانەت ئەوە بۆ خەڵکی عێراقیش دەستکەوتە. گەر دەستوور بنەما بێت، کێشەکان چارە دەکرێن.
د.سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێ: کێشەی نەوت و گاز بە یاسا چارە دەکرێت و بۆشایی یاسایی لە کەرتی نەوتدا نامێنێت، ئەوەش بۆ ھەوڵ و کۆششەکانی حکوومەتی ھەرێم دەگەڕێتەوە، چونکە بۆشایی یاسایی لە کەرتی نەوت و گازدا ھەیە و، حکوومەتی فیدڕاڵ کەمتەر خەم بووە لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، پێشتریش لە ساڵی ٢٠٠٧ پڕۆژەیەک و دواتر لە ساڵی ٢٠١١ پڕۆژەیەکی دیکە ئامادە کراوە، بەڵام ھەر سەری نەگرت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: یاسای نەوت و گاز لە داھاتوودا دەسەڵاتەکانی ھەرێم و فیدراڵ دیاری دەکات بۆ مامەلەکردن بە کەرتی نەوت و گاز، ھەروەھا کەرتی نەوت ڕێک دەخرێتەوە لە عێراق و مافی ھەرێمی کوردستانیش دیاری دەکرێت لەسەر کێڵگەکانی پێشوو و ئەوانەشی ئێستە کاریان تێدا دەکرێت.
ئەندامانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، قەبارەی بودجەی ٢٠٢٣ی عێراق لە ٢٠٠ تریلیۆن دینار نزیک دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر ھەیە گۆڕانی تێدا بکرێت. سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، گوتی: دەمانەوێت پشکی ھەرێمی کوردستان بەپێی ڕێژەیی دانیشتوانی ھەرێم بێت، واتە ١٧% بێت، ئەوەش دەمێنێتەوە سەر گفتوگۆکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، بەڵام ھەموو ھەوڵێک دەدەین، بۆ ئەوەی پشکی ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو زیاتر بێت”.
نەھرۆ مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ئەم ھەفتەیە پڕۆژەیاسای بودجە دەنێردرێتە پەرلەمان، ئەو کات ھەوڵ دەدەین لە زووترن کاتدا دەنگی لەسەر بدەین، چونکە ھەموو خەڵکی عێراق چاوەڕیی بودجە دەکات.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: بۆ ئێمە وەکو کوردستان ئەوەی گرنگە بودجە و یاسای نەوت و گازە، دانوستاندن لە نێوان شاندی کوردستان و لایەنی عێراقی بەردەوامە، بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا ڕێکبکەون و گرفتەکان بۆ ھەمیشە یەکلایی بکەنەوە.