شۆڕش غەفووری – هەولێر
دوای ١٣ ڕۆژ مانەوە لە ناوچە زیانبەرکەوتووەکانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا، تیمە فریاگوزارییەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٣ گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و لە لایەن سەرۆکوەزیرانەوە پێشوازییان لێ کرا.
ئەم تیمە لە ٨٢ پزیشک و کارمەندی تەندروستی و ناوخۆ پێک هاتبوون بە ٣٥ ئەمبوڵانس و ٤ نەخۆشخانەی گەڕۆک و چەندین بارهەڵگر و ئامێری پێویست، ڕۆژانە و ٢٤ کاتژمێر دەرمان و چارەی فریاگوزارییان پێشکەش بە برینداران و لێقەوماوان دەکرد و بەو هۆیەوە زیاتر لە ٥ هەزار هاووڵاتیی چارە کران.
د. ڕهعەد نه‌جمه‌دین، سه‌رۆكی تیمی ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان، لەبارەی ئامانجی چوونیان بۆ ڕۆژئاوا و باكووری كوردستان، ڕایگەیاند: لە ڕێگەی تیمە دیاریكراوەكانمانەوە، به زووترین كات به هانای برینداران و لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه چووین و بە هەماهەنگی لەگەڵ ده‌زگای (ئافاد)، به دوای ئه‌و هاووڵاتییانه‌دا ده‌گه‌ڕاین كه له ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه داڕووخانهوهكان گیریان خواردبوو.
تیمەکەی هەرێمی کوردستان، لە شارۆچكه‌ی ئیسڵاحییه له دیلۆكی باكووری كوردستان، به شێوه‌ی ٢٤ كاتژمێری به‌دواداچوونیان بۆ ئه‌و خێزانانه ده‌كرد كه ڕزگاریان بووبوو، به‌ڵام بێ په‌ناگه و شوێن بوون و له‌نێو خێوه‌ت و ئۆتۆمبێل ده‌مانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رمان و چاره‌ی پێویستیان پێ بگه‌یێنرێت، ئەو خێزانە لێقەوماوانە، ژمارەیەکی زۆر منداڵیان لەگەڵدا بوو.
سه‌رۆكی تیمی فریاگوزاریی تەندروستیی هه‌رێمی كوردستان، بۆ خستنەڕووی زانیاریی زیاتر لەبارەی ئەرك و كارەكانیان لەم هەڵمەتەدا، ئاماژەی بەوە كرد کە وه‌ك تیمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، یه‌كه‌م تیم بوون گه‌یشتنه ناوچه زیانلێكه‌وتووه‌كان و لە ١٣ ڕۆژی مانەوەیان و کارکردنی سێ شیفتی، چارەی پزیشکی سەرەتاییمان پێشکەش بە زیاتر لە ٥ هه‌زار هاووڵاتیی نەخۆش كرد و زیاتر له ٧٠ ته‌رم و دەیان هاووڵاتیشمان له ژێر باڵه‌خانه‌كاندا ده‌رهێنان و ڕزگار كردن.
ڕۆژی ٦ی شوباتی ٢٠٢٣، دوو بوومەلەرزە بەگوڕی ٧.٧ و ٧.٦ پلەی رێختەر، کە چەقەکەیان لە مەرەشی باکووری کوردستان بوو، چەندین پارێزگا و شار و ناوچەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە. دوای بوومەلەرزەكە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ بەهاناوەچوون و هاوكاریی لێقەوماوان، بۆ ناوچە زیانبەركەوتووەكان ڕاسپێردران.