چیرۆکی فریودانی کۆچبەران لەلایەن قاچاغچییەکانەوە

سەرهەڵدانی قەیرانێکی لە ناکاوی کۆچبەران لە سنوورەکانی بیلاڕووسیا و چوونی خەڵك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەو وڵاتە، هەمووانی سەرقاڵ کردووە، قەیرانێکی سیاسی لە ئەورووپا دروست کردووە، کە ئەستەمە باوەڕ بکەی لە خۆیەوە دروست بووە. حکومەتی بیلاڕووسیا لە مانگی ئابەوە بۆ عێراقیەکان پێدانی ڤیزای ئاسان کرد، بەشێوەیەک وای پێشان دا کۆچکردن بەرەو ئەو وڵاتە و پەڕینەوە بکاتە شتێکی دیار نەک رێگەی دەریا و تورکیا، بە خێرایی هێڵی نیشتمانیی بیلاڕووسیا کارەکانی کرد و، هاوکاریی کۆچبەرانی کرد بۆ ئەوەی بچنە مینسکی پایتەختی وڵاتەکە لەوێشەوە بۆ پۆڵەندا و لاتڤیا و لیتوانیا، ئەو هەنگاوە کە سەرکردەکانی ئەورووپا بە چەکدارکردن و بەکارهێنانی خەڵكی دادەنێن بەرامبەر وەڵام بۆ ئەورووپا، هێشتا چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە.

ئێستا هەزاران کەس لەسەر سنووری پۆڵەندا و بیلاڕووسیا خەریکە لەسەرمان رەق دەبنەوە. یەکێتیی ئەورووپا وەریان ناگرێت و دۆخەکە روونە دەبێت بگەڕێنەوە ئەو شوێنەی یەکەمجار لێی هاتوون. ئێستا لە سلێمانی و هەندێک ناوچەی دیکەوە خەڵك کەمتر دەڕۆن، بەڵام لە سێ مانگی رابردوودا خەڵكێکی زۆر رۆیشتوون بێ ئەوەی بزانن لە سنوور چ تەڵەیەکیان بۆ دانراوە. هێڵی ئاسمانیی نیشتمانی بیلاڕووسیا گەشتە ئاسمانییەکانی زیاتر کردووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ مینسک. بەرپرسانی بیلاڕووسیا پێدانی ڤیزاشیان ئاسان کرد تا خەڵك لە رێگەی ئاژانسی سێنت کورەت ڤیزا وەربگرن بۆ گەشتکردن. ئەو کۆچبەرانەی گەیشتوونەتە بیلاڕووسیا، دوای گەیشتنیان لە سێ هۆتێلی حکوومی ماونەتەوە. ئارتیس پابریکس وەزیری بەرگریی لاتڤیا دەڵێ، بیلاڕووسیا خۆی کۆچبەرانی داڵدە داوە تاوەکو دژی ئەورووپا بەکاریان بێنێت. ناوبراو دەڵێ هەواڵگریی بیلاڕووسیا دەستی هەبووە لە گواستنەوەی کۆچبەران بۆ سەر سنوور و بە پاسی سەربازی گوازراونەتەوە. چەند کۆچبەرێکی عێراقیش گوتوویانە هێزە ئەمنییەکانی بیلاڕووسیا ئامێری بڕینی سنووریان داوەتە کۆچبەران تاوەکو سنووری پێ ببڕن .
باوەڕ ئاوات، یەکێکە لەو کۆچبەرە کوردانەی لە سنووری بیلاڕووسیا و پۆڵەندا گیری خواردووە دەڵێ: پاسەوانی سنوور بیلاڕووسیا هاوکاریی ئەو کۆچبەرانەیان کردووە کە لە سنوورن و، رێگەی پەڕینەوەیان پێ پیشان داون تاوەکو بگەنە خاڵی نزیک پۆڵەندا. ناوبراو دەڵێ: “پاسەوانانی بیلاڕووسیا رێیان نیشانداین بۆ دارستان، پاشان لە دارستانەوە وەپێشمان كەوتن، تاوەکو سەر سنوور .
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو دەنگی سەربازێکی بیلاڕووسیا بڵاو بووەوە کە داوا لە نزیکەی ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ کۆچبەری کورد دەکات بچنە سنوورەکانی لیتوانیا و پاشان بەرەو پۆڵەندا. سەربازەکە دەڵێ: “هەمووتان بڕۆن بەرەو ناوچەی برێست.” هەندێک کۆچبەر هەوڵیان داوە بگەڕێنەوە بۆ مینسک بەڵام پاسەوانانی بیلاڕووسیا بە هێز رێگەیان نەداوە، وایان کردووە لەسەر سنوور گیر بخۆن. سەرکردەکانی ئەورووپا دەڵێن ئەوە پلانی لوکاشینکۆی سەرۆکی وڵاتەکەیە بەرامبەر ئەو سزایانەی یەکێتیی ئەورووپا بەسەریدا سەپاند.
گوستاڤ گریسێل لێکۆڵەر لە سیاسەتی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا دەڵێ: “هەموو رێکارەکانی حکوومەتی بیلاڕووسیا و هاوکاریی دەزگا فەرمییەکان بەڵگەن بۆ بەکارهێنانی کۆچبەران وەکو کارتی سیاسی .”
لە رۆژانی رابردوودا وەکو هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی چوونی کۆچبەران، تورکیا و ئێران بڕیاریان دا گەشتەکان بۆ مینسک هەڵوەشێننەوە، بەتایبەت بۆ کۆچبەرانی سووری، عێراقی، یەمەنی، فرۆشتنی هەموو بلیتێکیش راگیرا، لەگەڵ ئەوەش دۆخێکی مرۆیی سەخت هەیە لە سنوور. کۆچبەرەکان نە دەتوانن بگەڕێنەوە مینسک نە رێگەی پەڕینەوەشیان پێ دەدرێت. چەند کۆچبەرێکیش گیانیان لەدەست داوە، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان وەکو ئارامترین و سەقامگیرترین ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام هێشتا هەندێک کەس خۆیان لەگەڵ ئەو لێشاوە داوە و نازانن بۆ چ چارەنووسێک کۆچ دەکەن، بەشێكی ئەو گەنجانەی کۆچیان کردووە دەڵێن هەلی کار نییە و بێ ئیشن .
قەیرانەکە لەوکاتەوە دەستی پێکرد ئاسانکردنی پێدانی ڤیزا بووە قسەی دەمی خەڵک، وەرگرتنی ڤیزای بیلاڕووسیا ئەوکات لەکاتێکدا ئێستا نەماوە،٩٠ دۆلار بوو، بەڵام بەپێی بەدواداچوون دەرکەوتووە بووەتە ١٢٠٠ دۆلار. کۆچبەر هەبووە تاوەکو سێ هەزار دۆلاری بەس بەڤیزا داوە. بەشێكی زۆری ئەوانەی کۆچیان کردووە هەزاران دۆلار وەکو دڵنیایی دەنوێنن لای قاچاغچییەکان تاوەکو بیانگەیەننە سنوور، بەشێكیان دەڵێن سێ هەزار دۆلار دەدەنە قاچاغچییەکان، لە بەرامبەردا هیچیان بۆ ناکرێت. خەرجکردنی هەزاران دۆلار و مەترسیی رەقبوونەوە و مردن تەنیا لە پێناو چارەنووسێکی نادیاردا .
کاروان یەکێکە لەو کۆچبەرانەی ١٣ هەزار دۆلاری لە ماڵەوە وەرگرتووە و کۆچی کردووە، بەڵام هیچی بە هیچ نەکردووە.
تاوەکو ئێستاش لانیکەم سێ کۆچبەر لە سنوور گیانیان لەدەست داوە لە دوو هەفتەدا، بیلاڕووسیاش ئاشکرا نەکردووە ئەوانەی مردوون چەند کۆچبەرن .
راپۆرتی: نیویۆرک تایمز

ھەواڵی زیاتر