چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لە هەولێر سێزدەمین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز دەستپێدەکات

ئێوارەى ئەمرۆ شەممە 25ـی 02ـی 2023، کۆبوونەوەیەک لە دیوانی پارێزگای هەولێر بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستى ئامادەکارى بۆ ئەنجامدانى (13)ـەمین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز و بەرزڕاگرتنى یادەکانى ڕێككەوتننامەی 11ـی ئادار و ڕاپەرین و ڕزگاركردنی شاری هەولێر، ئەنجام درا.

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند: گفتوگۆ لە بارەى ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانى (13)ـەمین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز کرا، بۆ ئەو مەبەستەش لێژنەى باڵاى فێستیڤاڵ و چەند لێژنەیەکى دیکە دیاریکران بۆ بەرێوەبردنى ڕۆژانى فێستیڤاڵ کە لە ڕۆژى11ـی ئادارى ئەمساڵ بۆ بەرزڕاگرتنى یادی ڕێككەوتننامەی 11ـی ئادار و ڕزگاركردنی شاری هەولێر و ڕاپەڕین دەستپێدەکات و تاوەکوو ئێوارەى نەورۆز 20ـی ئادار بەردەوام دەبێت.

ڕاشیگەیاند: لەو ماوەیەدا زۆرترین چالاكی هونەرى جۆراوجۆر لەلایەن هونەرمەندانەوە بە هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر لە چەندین شوێنى هەولێرى پایتەخت، وەک قەڵاى هەولێر، پاركی شانەدەر، چەندین شوێنی دیکە پێشکەش دەکرێت.

جێگەى باسە، ساڵانە بەبۆنەى یادەکانى ڕێككەوتنامەى 11ـی ئادار کە لە ساڵى 1975 و 11ـی ئاداری ساڵی 1991ـی ڕاپەڕینى جەماوەری شاری هەولێر، لەلایەن پارێزگاى هەولێر فیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز بۆ ماوەى 10 ڕۆژ ساز دەکرێت.