سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئاشکرای کرد، کۆبوونەوەکانی پێشووتری شاندی هەرێمی کوردستان و بەغدا ئەرێنی بوون و هەنگاوی باش نراوە. دەشڵێ، بڕیارە ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە شاندەکە بچێتەوە بەغدا و درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن.
فارس عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، سەردانی ئەم دواییەی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەکانی پێشووتر لەگەڵ حکوومەتی عێراق، زۆر ئەرێنی بوون و لەسەر ئامادەکردنی یاسای نەوت و غاز گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی.
عیسا گوتیشی، بڕیارە دووسبەی رۆژی دووشەممە جارێکی دیکە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکەنەوە و تا کۆتایی هەفتە بمێننەوە، بۆ ئەوەی بەردەوامی بدەنە گفتوگۆکانیان و بگەنە رێککەوتن.
دەشڵێ، گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی هەردوو پڕۆژەیاسای نەوت و غاز و بودجە بەردەوام دەبن تا دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی.