پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

روونكردنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌باره‌ی ده‌نگۆی زیادكردنی بڕی پێدانی كاره‌بای نیشتتمانی

 

بریكاری وه‌زاره‌تی كاره‌با رایگه‌یاند، “نه‌مگوتووه‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی داهاتووه‌وه‌ بڕی پێدانی كاره‌بای نیشتمانی به‌ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان زیاده‌كرێت”.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (25ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023)، لێدوانێك به‌ناوی كامیل قه‌زاز، بریكاری وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، گوایه‌ گوتوویه‌تی، “لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵ دەستکاری لە پێوەری کارەبای ماڵان دەکرێت و بۆ هەر مالێک 40 ئەمپێر کارەبا بۆی دابین دەکرێت.”

له‌وباره‌وه‌ كامیل قه‌زاز به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئه‌و لێدوانه‌ی به‌ناوی ئه‌وه‌وه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ هی ساڵی رابردووه‌ و گوتی، “نه‌مگوتووه‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی داهاتووه‌وه‌ بڕی پێدانی كاره‌بای نیشتمانی به‌ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بۆ 40 ئه‌مپێر زیادده‌كرێت”.  

بریكار وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، “هه‌ر چه‌نده‌ پارساڵ له‌سه‌ره‌تای مانگی ئاداره‌وه‌ بڕی پێدانی كاره‌بامان له‌ 30 ئه‌مپێره‌وه‌ بۆ 40 ئه‌مپێر زیادكرد، به‌ڵام بۆ ئه‌مساڵ تا ئێستا هیچ واده‌یه‌كمان بۆ زیادكردنی بڕی پێدانی كاره‌بای نیشتمانی دیارینه‌كردووه‌.”