“زمانی لادینۆ جووەكان لەو زنجیرەدرامایەدا زیندوو بووەوە”
لە توركیا، زنجیرەدرامایەك باس لە بوون و مێژوو و زمانی جووەكان دەكات، ئەو زمانەی وەكوو زمانی كوردی، سەردەمانێك لە توركیا قەدەغە بووە قسەی پێ بكرێت و قسەكردن بەو زمانە سزای توندی لەسەر بووە. جووەكانی توركیا، دڵخۆشن بەو زنجیرەدرامایە و مێژووی خۆیان وەكوو جوو دێتەوە یاد و شانازیی پێوە دەكەن.
زنجیرەدرامای (یانە)، لە پێنج بەش پێك هاتووە و لە لایەن (نێتفلێكس)ەوە بەرهەم هاتووە و بە زمانی توركییە و لە ئیستانبۆڵ و لە چواردەوری گالاتا لەو شوێنەی جووەكانی لێ بووە بەرهەم هاتووە. جووەكان هەیجانێكی زۆریان لەلا دروست بووە و دەڵێن زمانی رەسەنی خۆمانمان هاتووەتەوە یاد.
لادینۆ، ناوی ئەو زمانە بووە، كە جووەكان 500 ساڵ بەر لە ئێستا لە توركیا قسەیان پێی كردووە، لەم زنجیرەدرامایەدا ئەو زمانە زیندوو كراوەتەوە. هەروەها باس لەو زوڵمە كراوە كە لە جووەكان كراوە، بەوەی چونكە جوون، دەبێت باج و سەرانە بدەنە دەوڵەتی عوسمانی.
ئاژانسی (BBC)ی توركی قسەی لەگەڵ جووەكانی توركیا كردووە و لەبارەی ئەو زنجیرەدرامایەوە بۆچوونی وەرگرتوون.
لیۆرا مۆرهایم _ قوتابی دكتۆرا لە توركیا
”هەستێكی زۆر جوان بوو، بۆ یەكەمجارە لە تەلەڤزیۆنەوە بە زمانی لادینۆ قسە بكرێت. بۆ یەكەمجارە لە توركیا، لە رێگەی چیرۆكێكەوە باس لە بوونی جووەكان بكرێت، ئەمە بۆ ئێمە وەكوو سوپڕایزێكی گەورە وابوو. ئەوەی منی سەرسام كردووە، تەنانەت لەو زنجیرەدرامایەدا هیچ شتێكیان ون نەكردووە كە باسی نەكەن لەبارەی جووەكانەوە، بەتایبەت لایەنە سیاسییەكەی، كە ئەوكات بەزۆر بە تورك دەكرایت و سەرانە و باجت لێوەردەگیرا، ئەمە زۆر سەیر و سەرنجڕاكێش بوو لەو زنجیرەدرامایەدا.
هیچ كاتێك وەكوو جووێك خۆم نەناساندوە لە توركیا، هەمیشە گوتوومە (توركێكی جولەكەم). ناسنامەی ئیسپانیام هەیە، بەڵام هیچ كاتێك هەستم نەكردووە پەیوەست بم بەو وڵاتەوە، تەنانەت لە ئیسرائیلیش هەستم نەكردووە لە وڵاتی خۆم بم، چونكە وەكوو ئەوەی لەو زنجیرەدرامایەدا باس كراوە، ئێمە 500 ساڵە لێرە دەژین و پەیوەستین بە توركیاوە. بەڵام هەمیشە ئەو پرسیارەم كردووە، ئایە دەوڵەتی توركیای مۆدێڕن، منی بە پارچەیەك لە خۆی داناوە و بە یەكسانی لەگەڵ توركێكدا مامەڵەم لەگەڵدا دەكات؟“
نێسی ئەڵتاڕاس _ خاوەنی ئیمتیازی رۆژنامەی (ئاڤلارێمۆز) لە توركیا
” بۆ یەكەمجارە بەو شێوەیە خۆت دەبینیتەوە، واتە لە زنجیرەدرامای (دۆڵی گەرگەكان)، جووەكان وەكوو دوژمن نیشان دەدرا، بەڵام ئەمجارە باس لە مێژوو و بوونی جوو دەكات لە توركیا، ئەمەش هەیجانێكی گەورەیە بۆ ئێمە. بەتایبەت كە باس لە زمانی لادینۆ دەكرێت، چونكە رابردووی زۆر سەرنجڕاكێشە. لە چواردەوری تاوەری گالاتا لە ئیستانبۆڵ، لادینۆ دووەم زمان بووە لە دوای توركی قسەی پێ كراوە. ئەمە دەریدەخات، كە ئێمە پارچەیەكین لە چیرۆكی توركیا، بۆیە زۆر بە بایەخە و گرنگە.
لەگەڵ هەر جوویەكدا لە توركیا قسەم كردبێت، باسی لەو زنجیرەدرامایە كردووە، كە بە تاسەوە تەماشای دەكات، چونكە خۆیان لەناویدا دەبیننەوە. لەم زنجیرەدرامایەدا باس لەوەش كراوە، كە چۆن جووەكان ناچار دەكەن توركیا بەجێبهێڵن، بەشێكی لەبەر هەژاری چونكە پارەیان نەبووە باج بدەن، بەشێكیشی بەزۆر لە وڵاتدا دەركراون. دەكرێت بڵێم وەرگرتنی باج لە چووەكان، تراڤمایەكی (شۆكێكی) زۆر گەورە و بە ئازارە بۆ جووەكان“.
هەروەها سەلین كاندیۆتی، كە ئەویش جووە و كاری رۆژنامەوانی دەكات، دەڵێت بۆ یەكەمجارە لە توركیا، لە زنجیرەدرامایەكدا رۆڵ بە جووەكان بدرێت، پێشتر هیچ رۆڵیان پێنەدراوە و ئەگەر رۆڵیشیان پیدرابێت، رۆڵی كەسی خراپ و پیس بووە، بۆیە گرنگە زنجیرەدرامایەك باس لە مێژوو و بوون و زمانی جووەكان دەكات.
زنجیرەدرامایەكە، لە چواردەوری گالاتا لە تەقسیم وێنەی گیراوە، چونكە ئەوكات و ئێستاش، شوێنی جووەكان بووە و مێژووی جوو لە توركیا، چواردەوری گالاتا بووە.
ئەگەرچی لە توركیا زمانی لادینۆی جووەكان لەو زنجیرەدرامایەدا گرنگی پێدراوە و رەخنەش لە سیاسەتی ئەوكاتی توركیا گیراوە، كە چۆن ئەو زمانە رەسەنەی جووەكان قەدەغە كراوە، لە كاتێكدا جووەكان كەمینە بوونە لە توركیا، بەڵام بەداخەوە، كورد كە 20 ملیۆنی توركیا پێك دەهێنن، تاوەكوو ئێستا رێگە نادرێت بە زمانی خۆیان بخوێنن، یاخود لە زنجیرەدرامایەكدا دانی پێدا بنێن. تاوەكوو ئێستاش لەسەر وشەی (كوردستان)، مامۆستای زانكۆ و كاسبكار دەخرێنە زیندانەوە.