پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

بەشەخۆراك و بەشەئاردێكی دیكە دابەش دەكرێت

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان، وردەكاریی دابەشكردنی بەشەخۆراك و ئاردی مانگی دوو ئاشكرا دەكات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 25/2/2023، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی یەك كۆتایی هاتووە و لەم هەفتەیەدا ئەوەی گەیشتووە بە بریكارەكان دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.”

ئاماژەی بەوەش دا: “بۆ بەشەئاردی دووەم، هەر لەم هەفتەیەدا لەگەڵ شارەکانی دیكەی عێراق چاوەڕوانین دەست پێ بکەین، ئەو بەشەئاردە ئاردێکی باشە و لە گەنمی هەرێمی کوردستان و گەنمی هاوردەی وڵاتانی کەنەدا و ئوسترالیایە و نانێكی باشی لێ دێت.”

ئەو بەرپرسەی  وەزارەتی بازرگانی جەختیشی كردەوە، كە زۆربەی بەشەخۆراكی مانگی دوو و سێ هاتووە و لە كۆگاكان هەڵگیراوە.

بەگشتی، سەبەتەی خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان پێک هاتووە له شەکر، زەیت، دۆشاوی ته‌ماتە، فاسۆلیا، لەتکەنۆک، برنج و ئارد.

نەوزاد شێخ كامیل ئەوەشی خستە ڕوو: “پڕۆسەی دابەشكردنی بەشەخۆراكی هاووڵاتییان بەردەوام دەبێت، تا ئەوكاتەی، كە خەڵكی عێراق بەگشتی لە ئاستی هەژاری دوور دەكەونەوە، یان هەژاری بەتەواوی لە عێراقدا نامێنێت، دابەشكردنی ئەو بەشەخۆراكەش كاریگەرییەكی زۆر باشی لەسەر بازاڕ هەیە، كە ناهێڵێت نرخی ئەو جۆرە كاڵایانە لە بازاڕەكان بەرز بێت.”

لە ساڵی 2022دا لە هەرێمی كوردستان پێنج بەشەئارد و 11 بەشەخۆراک دابەش كراوە.