مەسرور بارزانی: عەنکاوە دەبێتە قەزا

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکیدا بۆ عەنکاوە بڕیاریدا ناحیەکە بکرێت بە قەزا.

سەرۆکی حکومەت لە وتارێکدا لە عەنکاوە گوتی: “وەزیری ناوخۆ و پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رادەسپێرین، بۆ ئەوەی ناحیەی عەنکاوە بکرێت بە قەزا، تا خزمەتی زیاتری دانیشتوانەکەی بکرێت”.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە جارێکی دیکە سەردانی شارۆچکەی عەنکاوەمان کرد، کە بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی و شوێنی ئاشتەوایی، هەروەها بووەتە ناوەندێک زۆر لەو خوشک و برا کریستیانانەی کە لە ناوچە و شوێنەکانی دیکەی عێراق لەبەر هەر هۆکارێک نەیتوانیوە لەوێ بمێننەوە روویان کردووەتە ئێرە و لێرە نیشتەجێبوون. شارۆچکەی عەنکاوە یەکێکە لەو شارۆچکانەی کە دەبینین رۆژ بە رۆژ پێشڤەچوونێکی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و گەورەتر دەبێت، ئێمەش بەناوی حکومەتەوە هاتووین و من لێرەوە پێتان رابگەیەنم کە جەنابی وەزیر و جەنابی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رادەسپێرین، بۆ ئەوەی ناحیەی عەنکاوە بکرێت بە قەزا، تا بتوانرێ خزمەتێکی زیاتری دانیشتوانی بکرێت، هیوادارم هەمووتان سەرکەوتووبن، ئەوەی لە دەستی ئێمەش بێت یارمەتیتان دەدەین، بەڵام ئەمە بێگومان بەرپرسیاریەتی زیاتریش دەخاتە ئەستۆی بەرپرسانی ئەم قەزایە کە دەبێ لە هەموو رووێکەوە هەوڵی ئەوە بدەن، کە خزمەتی دانیشتوانی ئەم قەزایە و هەولێر و کوردستان بە گشتی بکەن.

مەسرور بارزانی، گوتی: “من جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە خەڵکی شارۆچکەی عەنکاوە و هەولێر و هەموو کوردستان دەکەم، هیوادارم رۆژ بە رۆژ پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت

ناحیەی عەنکاوە سەر بە قەزای ناوەندی ھەولێرە و کەوتووەتە باکووری رۆژئاوای شاری ھەولێر. لە ساڵی 1956 بووەتە شارەدێ و ژمارەی دانیشتووانی 40 هەزار کەسە.

عەنکاوە ھیچ گوندێکی نییە و زۆربەی دانیشتووانی لە گەلانی کلدانی، ئاشووری، سریانی پێکهاتوون.  لە 90٪ دانیشتووانی عەنکاوە کریستیانن و لە 10٪ موسڵمانن.

14 کڵێسای مەزهەبی و زیاتر لە 20 کۆمەڵە و یانەی رۆشنبیری لە عەنکاوە هەن. بارەگای پاتریارکی کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشووری و بارەگای هاوینەی پاتریارکی کڵێسای کلدانی (لویس ساکۆ) لە عەنکاوەیە. بارەگای یەکەم مەترانی کلدانی لە ساڵی 1967 لە عەنکاوە دامەزرا.

زانکۆی کاسۆلیکی کە زانکۆییەکی جیهانییە و لەلایەن ڤاتیکانەوە پشتگیری دەکرێت لە عەنکاوەیە.

عەنکاوە بە یەکێک لە شوێنە ھەرە کۆنەکانی جیھان دادەنرێت. تەل قەسر یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی عەنکاوە و رووبەرەکەی 1250 مەتر دووجایە. مۆزەخانەی کولتووری سریانی عەنکاوە دەیان پارچە شوێنەواری تێدا هەڵگیراوە.

ھەواڵی زیاتر