نرخی نەوت بەرزبووەوە و زێڕ دابەزی

نرخی نەوت بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکان بەرزبووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە شەش رۆژی رابردوودا بەهۆی نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی و بەردەوامیی هەڵاوسان لە ئەمریکا، دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیبوو. هاوکات نرخی زێڕ دابەزی.

کاژێر 08:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 80 دۆلار و 94 سەنت مامەڵەی پێوە کرا، نرخی نەوتی سووکی تێکساسی ئەمریکاش 32 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێک بە 74 دۆلار و 23 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.

راگەیێندراوی بانکی ناوەندیی ئەمریکا سەبارەت بە کۆبوونەوەی مانگی رابردوویان روونی دەکاتەوە، زۆرینەی لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکەکە کۆک بوون لەسەر ئەوەی دەبێت بەردەوام بن لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بۆئەوەی بتوانن هەڵاوسان لەو وڵاتەدا کۆنترۆڵ بکەن، بەیاننامەکەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی نەوت لە کاتی داخستنی بازاڕ لە رۆژی چوارشەممە دوو دۆلار لە بەهای خۆی لەدەستبدات.

بازاڕی نەوت هەروەها کاریگەریی بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی لە ئەمریکا پێوە دیارە. بەپێی داتا سەرەتاییەکان، قەبارەی نەوی کۆگاکراو لە ئەمریکا هەفتەی رابردوو 2.1 ملیۆن بەرمیل زیادی کردووە.

بڕیارە کاژێر 07:00ی ئێوارە بە کاتی هەولێر، راپۆرتی هەفتانەی کارگێڕیی نەوتی ئەمریکا بڵاوبکرێتەوە کە کاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت دادەنێت.

ئۆنسەیەک زێڕ بە 1827 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-02-2023 نرخی زێڕ بڕێک لە زیانەکانی رۆژی رابردووی خۆی قەرەبوو کردەوە و هەر ئۆنسەیەک بە 1827 دۆلار مامەڵەی پیوە کرا.

رۆژی چوارشەممە دوای بڵاوبوونەوەی بەیاننامەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا سەبارەت بە کۆبوونەوەی مانگی رابردووی بانکەکە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ دابەزی بۆ ئاستی 1821 دۆلار.

هۆکاری دابەزینی نرخی زێڕ بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە کە بەیاننامەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بووە هۆکار بۆئەوەی بەهای دۆلار بەرز ببێتەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا.

بەیاننامەکەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کە زۆرینەی ئەندامی ئەو لیژنەیەی بڕیار لەسەر سیاسەتی نەختیی بانکەکە دەدەن پێیانوایە پێویستە بەردەوام بن لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە چەند مانگی داهاتوودا بۆئەوەی بتوانن رێژەی هەڵاوسان کۆنترۆڵ بکەن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، تەنانەت چەند ئەندامی لیژنەی بازاڕی ئازادی بانکی ناوەندیی ئەمریکا پێیانوابووە مانگی رابردوو کە رێژەی سوودی بانکییان 0.25% بەرزکردەوە، دەبوایە 0.50% سوودی بانکی بەرز بکرابایەوە بۆئەوەی کاریگەی لەسەر دابەزاندنی هەڵاوسان هەبوایە.

لە کاتێکدا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نزیکەی 1824 تاوەکو 1827 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، لە گرێبەستەکانی داهاتوودا نرخی زێر بە 1832 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.