ئامادەم لەبەسرەو ئەنبار ڕاپرسی بكەم!

مەشخەڵ كەوڵۆسی

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی ئێراق لەكورتیلە ڕاپۆرتێكدا ئەوەی بڵاوكردبووەوە كە زۆرینەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان داوای هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان و گەڕانەوە بۆسەر بەغدا دەكەن. ئەو هەواڵە كاردانەوەیەكی یەكجار زۆر فراوان و ڕەتكردنەوەیەكی زۆر گەورەو فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەجۆرێك پێویستە ئەگەر بە ئینسافەوە قسە بكەین و بەغدا لەقەبارەی كاردانەوەكە تێبگات، خۆی بۆخۆی ڕاپرسییەكی تر بوو لەسەر ئەوەی كە خەڵكی كوردستان نەك نایەوێت بچێتەوە سەر بەغدا، بەڵكو هەموو تاوتوێكردنێكی ئەو بابەتە هێڵی سورەو خەریكە تێگەیشتنی خەڵك و حیزبەكانی كوردستان دەگاتە ئەو ئاستە باڵایەی كە باسكردنی ئەو بابەتە بەخیانەتی گەورە لەقەڵەم بدەن.
لەڕاستیدا ئەو هەواڵە نەبووایە، ئێمە نەماندەزانی تا ئەو ڕادەیە خەڵك و حیزبەكان و بژاردەی ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدارانی كورد هاوهەڵوێست و یەكدەنگن لەسەر پرسی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان. ئەوە مەسجێكە پێویستە لەبەغدا زۆرباش شیبكرێتەوەو، لێی تێبگەن و بیكەنە ئەڵقە و لەگوێی بكەن، بۆ ئەوەی جارێكی تر بیر لەوە نەكەنەوە لەڕێی میدیایەكەوە ڕای خەڵكی كوردستان بزانن لەسەر ئەو نیازەی كەبەرانبەر هەرێمی كوردستان هەیانە!.
سەرباری ئەوەش بەندە وەك میدیاكارێك چەند سەرنج و خاڵێكی دیكە لەسەر هەواڵەكە و ئەو بارودۆخ و زەمینەیەش تۆمار دەكەم كە سیاسەتێكی لەو شێوەیەی لە پایتەختی ئیحتیلالی عێراقیدا بەرهەمهێناوە. زۆر بەكورتی:
یەكەم: ئەوەی سەباح كردی، دوو بەشە، بەشێكیان بریتییە لەشەڕێكی دەروونی لەدژی كورد و قەوارەی هەرێمی كوردستان، هەركەس شارەزای میدیا بێت، تێدەگات شەڕی دەروونی بەچ ئامانجێك بەكاردەهێنرێت. بەشێكی تریشی هەڵدانی كارتێك بوو بەناوی میدیاوە بۆ ناو كوردستان، حكومەتی عێراق و بڕیاربەدەستانی شیعە لەسەرو بەندی هەموواركردنەوەی دەستوردان، ویستیان ڕای خەڵكی كوردستان بزانن ئایا ڕازی دەبن بەهەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان یان نا؟. بێگومان وەڵامی خۆیان وەرگرتەوە.
دووەم: حكومەتی ئێراق بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە كێشەكان چارەسەر بكات، كار بە تیۆری هەناردەكردنی كێشەكانی دەكات بۆ دەرەوە. ئینجا لێرەدا لاوازترین خاڵ، هەرێمی كوردستانە! چونكە ئێراق ناتوانێت كێشەكانی بۆ دەرەوەی سنور هەناردە بكات، بەڵام دەتوانێت بۆ هەرێمی هەناردە بكات، لەوەشدا هاووڵاتی سادەی خۆی دەخەڵەتێنێت وسەرقاڵیان دەكات بە بەبابەتی لاوەكییەوەو، وای پیشان دەدا كە ئەو كێشانەی لەوێ هەن، لەوە خراپتر لەهەرێمیش هەن.
سێیەم: لەڕووی نەریت وتەكنیكی ئەنجامدانی ڕاپرسیشەوە، ڕاپرسییەكە قسەی زیاتر هەڵدەگرێت و، بەكورتی ڕاپرسییەكە لەنیوە شەودا و لەكونجێكی تاریكدا ئەنجامدراوە!. بۆ نمونە: تانوپۆی هەرێمی كوردستانی نەگرتۆتەوە، ئێمە لە دەڤەری شارەزوور كەس لێمانی نەپرسیوە دەتەوێ هەرێم هەڵبوەشێتەوە یان نا؟ كەواتە ڕاپرسی كونجە تاریكەكانە و ڕەنگە هەر نەشكرابێت! لەخەیاڵی چەند كەسێكدا و بۆ ئامانجێكی سیاسی دیاریكراو هەواڵێك بڵاوكرایەوە.
چوارەم: خۆ ئەگەر مەسەلەكە بەڕاپرسی ببڕێتەوە، یان ئەگەر ئێراقییەكان بڕوایان بەڕاپرسی هەیە، فەرموو ئێمە ئامادەین تیمێك دروست بكەین و، لەبەسرە و ئەنبار ڕاپرسی لەسەر دروستكردنی هەرێمی بەسرە و هەرێمی ئەنبار بكەین، بەو مەرجەی سەرمان نەبڕن و دواجار ڕاستگۆیانە ڕێگە بدەن ئەنجامەكەی لەمیدیاكانی ئێراق بڵاو بكەینەوە.
كێشەی كورد ئەوەیە پێشوەختە حساب بۆ هیچ ئەگەرێك ناكات، یان كاردانەوەی بۆ هیچ هەنگاوێك نیە كە لەدژی دەگیرێنە بەر، با ئەمجارە بۆ یەكەمجار كاردانەوەمان هەبێت. كێ ئامادەیە پشتیوانیمان بكات بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسییەك لەو دوو شارەی عێراق، با پەنجە هەڵبڕێت و بڵێت من! ئەو جا دەبینن هاووڵاتی سادەی ئێراق دەیەوێت لەناو زەلكاوی ئێراق بمێنێتەوە، یان داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو مەركەزییەتە دەكەن و، دەیانەوێت ببنە خاوەنی هەرێمی خۆیان.