ڕائیب جادر – هەولێر
ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان پرسێکی گەرمی ڕۆژە و تا ئێستە ھیچ وادەیەک بۆ دیاری نەکراوە. شارەزایانی بواری ھەڵبژاردنیش دەڵێن، ھەندێک لایەنی سیاسی دەزانن کورسییەکانییان لە دەست دەدەن، بۆیە کار بۆ دواخستنی پڕۆسەکە دەکەن. دەشڵێن: ھەڵبژاردن پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەییە، بۆ ئەوەی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەھێزی بمێنێتەوە، پێویستە ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت، کە بەپێی یاسا دەبێت تا مانگی ١٠ی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت. جەعفەر ئیمینکی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی، گوتی: ھیچ لایەنێک ناتوانێت بەربەست لە بەردەم ھەڵبژاردندا دروست بکات و ئەمساڵ ھەڵبژاردن دەکرێت.
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاندووە، دەبێت ھەر چۆنێک بێت ئەمساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ـە، یاساکە تا ئێستە ٧ جار ھەموار کراوەتەوە، خواستی لایەنە کوردستانییەکان ئەوەیە بۆ جاری ھەشتەم ھەموار بکرێتەوە.
بەپێی وادە یاساییەکان، دەبوایە لە ساڵی ٢٠٢٢ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێگەی تیمی خۆی لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وادەی ھەڵبژاردنی دیاری کرد و بڕیاری دا بوودجەی پێویستیش بۆ کردنی ھەڵبژاردن تەرخان بکات، بەڵام یەکێتیی و چەند حیزبێکی دیکە، لە پەرلەمانەوە ڕێگر بوون لەوەی یاسای کۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان کارا بکرێتەوە، بە ناچاری تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان درێژ کرایەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە میونشن ڕایگەیاند، دوای گەڕانەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر دۆخی ئێستا و ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: بەڕێوەنەچوونی ھەڵبژاردن ھەموو پڕۆسەی سیاسیی و شەرعییەتی ھەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لەبەر ئەوە ھیوادارم ھەموو لایەنە سیاسییەکان ئەم بابەتە بە گرنگ و جددیی وەربگرن، من وەکو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، کە ئەو بەرپرسیاریەتییە یاساییەم لەسەرشانە بەگوێرەی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەم”.
جەعفەر ئیمینکی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ھەولێر ڕایگەیاند: ئەمساڵ ھەڵبژاردن دەکرێت و ھەموو ئامادەکاری و ھاوکارییەک ھەیە بۆ بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردن و بەم نزیکانە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆ دەبێتەوە و ھیچ لایەنێک ناتوانێت بەربەست لە بەردەم ھەڵبژاردندا دروست بکات.
د. نەوزاد شێرزاد، شارەزا لە بواری ھەڵبژاردن، بۆ “ھەولێر” گوتی: پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەھێزە، بینیمان سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم لە کۆڕبەندی داڤۆس، دواتر لە ئیمارات، بەودوایەش لە فەڕەنسا وەکو سەرۆکی وڵاتێکی پێشکەوتوو پێشوازی لێ کرا و بە گرێبەستی گرنگ و لێکگەیشتنی گرنگەوە گەڕایەوە، ھەروەھا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێم لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن رۆژانە لەگەڵ دەیان سەرکردەی وڵاتان کۆدەبوویەوە، ئەوەش نیشانەی بەھێزی پێگەی ھەرێمی کوردستانە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.