بە بەشداریی 15 کچەیاریزانی کورد هەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێڕاق بەشداریی پاڵەوانیەتیی ڕۆژئاوای ئاسیای کرد

بە بەشداری چوار هەڵبژاردە پاڵەوانیەتی تۆپی دەستی ڕۆژئاوای ئاسیا لە وڵاتی ئوردن بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی عێڕاق بەبەشداری ١٥ کچە یاریزان بەشداری پاڵەوانیەتیەکەی کرد، ئاڵا دێدەوان ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی دەستی عێڕاق و ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر، سەرۆکی شاندی هەڵبژاردەکە بوو، لەلێدوانێکدا باسی ئاستی هەڵبژاردەکە و بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەتیەکەی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر کرد.

عێڕاق پلەی دووەمی بەدەستهێنا

دەربارەی بەشداریکردنی کچە کوردەکانی هەڵبژاردەی عێڕاق و بەڕێوەچوونی پاڵەوانیەتیەکە، لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر، ئاڵا دێدەوان ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی دەستی عێڕاق و ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر بەمجۆرە قسەی کرد و گووتی: لە وڵاتی ئوردن لەیەک کاتدا دوو پاڵەوانیەتی هەبوو، هەڵبژاردەی هیندستان ئەگەرچی یەکێک نیە لە وڵاتانی ڕۆئاوای ئاسیا، بەڵام بەشداری پاڵەوانیەتیەکەی کرد، پاڵەوانیەتی ڕۆژئاوای ئاسیا و کاسی رەئسیان کرد بەیەک پاڵەوانیەتی.

ئێمە وەک هەڵبژاردەی عێڕاق لەپاڵەوانیەتی ڕۆژئاوای ئاسیا بەشداریمان کرد و توانیمان پلەی دووەم بەدەستبهێنین، لەکۆی ئەو چوار هەڵبژاردەیەی کە بەشدارییان کرد بوو، لەناوەڕاستی مانگی ١٢ وە دەستمان کرد بە ئامادەکاری و بەشێوەیەکی بەردەوام مەشق و ڕاهێنانمان ئەنجام دەدا، کەمپێکی مەشقیمان بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە وڵاتی سوریا ئەنجامدا بەمەبەستی ئامادەکاری زیاتر بۆ ئەو پاڵەوانیەتیە.

ئەو ئەندامەی یانەی هەولێر باسی ئاستی هەڵبژاردەکەیشی کرد و گووتی: لەچاو ئەوەی کە چەندین ساڵە تیپی تۆپی دەستی کچانی عێڕاق بەشداری هیچ پاڵەوانیەتیەکیان نەکردووە، لەو پاڵەوانیەتیەدا بە ئاستێکی باش دەرکەوتن، هۆکارەکەیشی نەبوونی پاڵەوانیەتی تۆپی دەستە لە عێڕاق، کە لە ساڵێکدا یەک پاڵەوانیەتی ئەنجام دەدرێت و لە ماوەی چوار ڕۆژدا تەواو دەبێت، بەڵام ئەمە ئەزموونێکی باش بوو بۆ یاریزانانی و هەنگاوێکی باش بوو بۆ پاڵەوانیەتیەکانی داهاتوو.

پشکی شێری هەڵبژاردەکە کورد بوون

ئاڵا دێدەوان هێمای بۆ ئەوەیش کرد وەک فیدراسیۆنی تۆپی دەست پلانی زۆرباشیان هەیە بۆ پاڵەوانیەتیەکانی داهاتوو، بەتایبەت زیاد کرد کرد خولەکانی عێراق و بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان، گووتیشی لە کۆی ١٥ یاریزانی هەڵبژاردەکە ١٣ یاریزانیان کورد بوون و پشکی شێر یاریزانە کوردەکان بوون، کە بەو ئەزموونەی کە هەیانە لە خولەکانی کوردستان و عێڕاق توانیان بە ئاستێکی بەرز دەربکەون، پاڵەوانیەتیەکە ماوەی ٨ ڕۆژی خایەند وەک هەڵبژاردەی عێڕاق شەش یاریمان ئەنجامدا.