سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ بریكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی هیندستان ده‌كات

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ بریكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی هیندستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد و ئاماده‌یی وڵاتی هیندستان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بازرگانی و تەندروستی و تەکنەلۆجیای زانیاری و کاراکردنی سیستەمی بانکی دووپاتكرایه‌وه‌.

ئەمڕۆ سێشەممە (21ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەوساف سەعید، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی هیندستان کرد.

لە دیدارەکەدا کە پراشانت پیسی، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و سوبهاش چاندرا کەین، کونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەولێر ئامادەی بوون، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی هیندستان، کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خستەڕوو.

هه‌روه‌ها بریكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی هیندستان، ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بازرگانی و تەندروستی و تەکنەلۆجیای زانیاری و کاراکردنی سیستەمی بانکی دەربڕی.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان، تیشکی خستە سەر کارنامەی حکومەت لە بواری هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، لەم رووەوە سەرۆکی حکومەت، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان و فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هیندستان دووپاتکردەوە.