دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

وەزارەتی دارایی گۆڕانکاری لە شێوازی دابەشکردنی مووچە دەکات

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە “وەزیری دارایی و ئابووری و لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی لە ڕێگای بانکی مەڵکەندی بە هاوکاری بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی گۆڕانکاری لە شێوازی دابەشکردنی مووچە دەکات و لەڕێگەی پێنج نووسینگەوە مووچەی خانەنشینان و بەشێک لە چین و توێژەکان دابەش دەکات.”

ماکوان جەمیل بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی ڕایگەیاند کردنەوەی ئەو نووسینگانە هەنگاوی یەکەمە بۆ ڕێکخستنەوەی سیستەمی دابەشکردنی مووچەی خانەنشیان و لە داهاتوودا خزمەتی زیاتر بەو توێژە دەکرێت و چەندین کارئاسانیان بۆ دەکرێت.

هاوکات ژیان سابیر بەڕێوەبەری خانەنشینی سلێمانی ڕایگەیاند لە بەرنامەیاندایە مووچەی سەرجەم خانەنشینان لە یەک بانکدا بە ناوی بانکی خانەنشینی کۆبکەنەوە و بە سیستەمێکی پێشکەوتوو مووچەی خانەنشینان دابەش بکەن کە ژمارەیان زیاتر لە ٨٦ هەزار مووچەخۆرە لەو ژمارەیە نزیکەی ٥٠ هەزاریان خانەنشینی شارستانین و نزیکەی ٣٦ هەزاریشیان خانەنشینی سەربازین.