بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 2023/2/18 لە چوارچێوەی بەرنامەكەیدا لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەركۆماری ئازەربایجان كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لە خواستی دوولایەنە بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆماری ئازەربایجان كردەوە بە شێوەیەك كە ئاڵوگۆڕی زیاتری بازرگانی و سەردانی شاندی فەرمی و بازرگانیی نێوان هەردوولا هەبێت.
هەر لەمبارەیەوه سەرۆكی ئازەربایجان ڕایگەیاند كە كار لەسەر كردنەوەی كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە هەولێر دەكەن، هەروەها عەلیێڤ، نێچیرڤان بارزانیی بانگهێشت كرد بۆ سەردانی باكۆ.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا چەندین پرسی پەیوەست بە دۆخی ناوچەكە و گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری، تاوتوێ كران.