سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆکی حکوومەت: قوتابییان و لاوان هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن و داکۆکیکردن بوون لە پرسە نیشتمانییەکان 

مه‌سرور بارزانی،جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یامێكی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان  و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان بڵاوكرده‌وه‌. 

له‌ په‌یامه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووه‌،لە یادی حەفتا ساڵەی دامەزراندنی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی گشت ئەندامانی هەردوو یەکێتیی قوتابیان و لاوانی کوردستان دەکەم و هیوای پێشکەوتن و نوێبوونەوە و بەردەوامییان بۆ دەخوازم . 
مه‌سرور بارزانی ده‌شڵێت: هەردوو یەکێتیی قوتابیان و لاوان مێژوویەکی پڕ لە سەروەریان هەیە و لە قۆناخە جیاوازەکانی خەباتی گەلی کوردستاندا، هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریکردن و داکۆکیکردن بوون لە پرسە نیشتمانییەکان ،هەروەها مەڵبەندی پێگەیاندنی چەندین سەرکردەی لێهاتوو و بەتواناش بوون کە ئەمڕۆ زۆریان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا خزمەت دەکەن .
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانیدا هاتووه‌،هیوادارم لە کاروانی خەباتی ڕێکخراوەیی خۆیاندا لە سەرکەوتنی بەردەوامدا بن لە پێناو پێگەیاندنی نەوەیەکی هوشیار و زانا و داهێنەر و نیشتمانپەروەر  و تواناکانیان لە خزمەتکردنی گەل و وڵاتەکەیان بخەنەگەڕ.
له‌كۆتاییدا جێگری سه‌رۆكی پارتی رایده‌گه‌ێنێت ،یادی هەژدەی شوبات پیرۆز بێت و هەمیشە یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە پێشکەوتن و نوێبوونەوەی بەردەوامدا بن .