سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئەمڕۆ 70 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی قوتابییان و لاوانی کوردستاندا تێ دەپەڕێت

70 ساڵ پێش ئێستا یەكێتیی قوتابییان و لاوانی دیموكراتی كوردستان بە فەرمانی بارزانیی نەمر لە 18ی شوباتی ساڵی 1953ی زایینی و لە كۆنگرەی 3ی پارتیدا لە کەرکووک دامەزران و بوونە بەشێكی گرنگ لە خەباتی پیشەیی و جەماوەریی كوردستان و تا ئێستا لەگەڵ رەوت و سەردەمە جیاوازەكان درێژەیان بە خەباتی خۆیان داوە و دەیان کادیر و سەرکردەیان پێگەیاندووە.

 ئەو دوو ڕێکخراوە لە مێژووی تێکۆشانیاندا وەک دوو ڕێکخراوی کاریگەری ناو بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد ئەژمار دەکرێن و ڕۆڵێکی کاریگەریان لە خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستاندا گێڕاوە و لە ڕێکخستنی لاوانی کورددا، بەتایبەتی لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا دەوری بەرچاویان هەبووە.

لە دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ ئەرکی ئەم دوو ڕێکخراو قورس بووە و لە کاتی ئاوارەیی و دەربەدەری و قۆناغە سەختەکانی خەباتدا ڕۆڵی کارایان گیڕاوە.

لە کاتی نزیکبوونەوەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش، یەکێتیی قوتابییان لە دەڤەری زاخۆ ڕێکخراوی “شیرین”یان دامەزراند و لە پارێزگای هەولێریش ڕێکخراوی خەباتیان دامەزراند.

لە ٢٦ی گوڵانی ساڵی ١٩٧٦ کاتێک مژدەی درێژەپێدانی شۆڕش ڕاگەیەندرا، لقی ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە چڕی دەستیان بە چالاکی کردەوە و لە کاتی ئاوارەییدا لە شاری کەرەجی نزیکی تاران جارێکی تر یەکێتیی قوتابییان دەستبەکار بووەوە.

لە دوای ساڵی ١٩٧٩ هەلێکی نوێ بۆ هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان ڕەخسا  و لە ٢٣ی ئازاری هەمان ساڵ کۆنفرانسی خۆیان لە شاری کەرەج بەست، هەرچەند ئەو دوو ڕێکخراوە بە هۆکاری سیاسی لێک دابڕاون، بەڵام بە درێژایی مێژوو هیچکامیان لە خەبات و بزاڤی نەتەوەیی کورد دانەبڕاون و لەناو توێژی قوتابییان و لەناو زانکۆ و خوێندنگەکانی کوردستان و لەسەر ئاستی عێراقیش لە ڕێکخستنی لاوانی کورددا دەوری کارایان گێڕاوە.

پاش ساڵی ١٩٩١ و دامەزرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم دوو ڕێکخراوە لەناو لاوان و قوتابییانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا بە شێوەیەکی ڕژد و چالاک کاریان کردووە و گەلێک لاوی بەئەزموون و کاریگەر و سیاسەتەمداری بەرچاو لەناو ئەو دوو ڕێکخراوە پێ گەیشتوون.

به ‌بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زراندنی هه‌ردوو ڕێكخراوەکەوە ئەمڕۆ 18/2/2023 له‌ كاتژمێر 3:00ی دوانیوه‌ڕۆوه‌، له‌نێو ناوه‌ندی باڵای هه‌ولێری یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، سكرتێر و ئه‌ندامانی سكرتاریه‌تی هه‌ردوو ڕێكخراو، پێشوازی له‌و میوانانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێ له‌ نزیكه‌وه‌ پیرۆزبایی ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زراندنیان لێ بكه‌ن.