چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نرخی نەوت و زێڕ دابەزی

بەهۆی نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا، نرخی نەوت بە تەنیا لە رۆژی هەینی زیاتر لە 2 دۆلار دابەزی. هەروەها ئۆنسەیەک زێڕیش بۆ نزیکەی 1842 دۆلار دابەزی. 

رۆژی هەینی 17-2-2023 ، لە کاتی داخستنی بازاڕی نەوت، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور دوو دۆلار و 14 سەنت دابەزی و بە 83 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

هەروەها نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 2 دۆلار و 15 سەنت دابەزی و بە 76 دۆلار و 34 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. بەوپێەش هەفتەی رابردوو نرخەکانی نەوت تێکڕا بە رێژەی 4٪ دابەزین.

ستێڤن برێنۆک، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( پی ڤی ئێم) رایگەیاند، “ئەگەری بەرزکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی باڵی کشاندووە بەسەر بازاڕەکان دا.”

لەلایەکی دیکەوە، بەرزبوونەوەی قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە ئەمریکا گوشاری بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.

باب یاوگر، بەڕێوەبەری بەشی گرێبەستەکانی داهاتوو لە بانکی (میزۆهو) کە گەورەترین بانکی ژاپۆنە رایگەیاند، ” قەبارەی نەوتی کۆگاکراو لە بەزترین ئاستی خۆیدایە لە ماوەی 19 مانگی رابردوودا.”

لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو هۆکارەکان لە بازاڕی نەوتدا نەرێنی نین؛ کۆمەڵێک هۆکاری دیکە هەیە کە رێگرییان کردووە لە دابەزینی زیاتری نرخی نەوت، وەک بەرزبوونەوەی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو و هەروەها پابەندبوونی رێکخراوی ئۆپێک بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و هاوسەنگکردنی بازاڕی نەوت. 

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 1842 دۆلار دابەزی 

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە نیوەڕۆی رۆژی هەینی دابەزی بۆ خوارەوەی 1820 دۆلار و هەر ئۆنسەیەکی بە 1818 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

نیگەرانی لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە مانگی داهاتوودا لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکا گوشاری بۆ نرخی کاڵا و کانزاکان دروستکردووە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا و هەروەها کۆمەڵێک ئاماری دیکەی وەک ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە مانگی 1 ی ئەمساڵدا لە ئەمریکا داوای بیمەی بێکارییان کردووە، ئاشکرابوو کە ئابووریی ئەمریکا لە یەکەم مانگی ئەمساڵدا بە بەهێزی دەستیپێکردووە و ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ بەردەوامی هەڵاوسان لەو وڵاتە.

بازرگانانی زێڕ پێیانوایە ئەمە وادەکات بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان رێژەی سوودی بانکی زیاتر لەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی داهاتوودا بەرزبکاتەوە.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕدا هەندێ لە زیانەکانی نیوەڕۆی خۆی قەرەبوو کردەوە و لە ئاستی 1842 دۆلار داخرا کە بەراورد بە رۆژی پێنجشەممە بە رێژەی 0.3٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ مانگی چواری ئەمساڵ تەنیا 1.6 دۆلار دابەزی و لە ئاستی 1850 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.