شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

سەرۆکى حکومەت ڕەزامەندی بۆ جێبەجێکردنى چەند پڕۆژەیەکى خزمەتگوزارى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر نیشاندا

نووسینگەى پارێزگاری هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، بە بڕیارى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ڕەزامەندی درا بە خەرجکردنى بڕى (1,517,424,380) یەک ملیار و پێنج سەد و حەڤدە ملیۆن و چوارسەد و بیست و چوار هەزار و سێ سەد و هەشتا دینار، بۆ جێبه‌جێكردنی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر.

نووسینگه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر راشیگه‌یاند، پاره‌كه‌ بەشێوەى نەختینە و به‌ قۆناغ، لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ جێبەجێکردنى ئەم پڕۆژانەى خوارەوە خه‌رج ده‌كرێت:

یەکەم/ قیرتاوکردنى شەقامە ناوخۆییەکانى گەڕەکى سیمى خاتووناوە، بەگوژمەى (743,325,000) حەفت سەد و چل و سێ ملیۆن و سێ سەد و بیست و پێنج هەزار دینار.

دووەم/ چاککردنەوە و قیرتاوکردنى شەقامە ناوخۆییەکانى شارى کۆیە بە گوژمەى( 228,369,540) دووسەد و بیست و هەشت ملیۆن و سێ سەد و شەست و نۆ هەزار و پێنجسەد و چل هەزار دینار.

سێیەم/ دروستكردن و قیرتاوكردنى چه‌ند شه‌قامێكى ناوخۆیی له‌ گوندى عەزە، بەگوژمەى (347,147,900) سێ سەد و چل حەفت ملیۆن و سەد و چل و حەفت هەزار و نۆسەد دینار.

چوارەم/ قيرتاوكردنى ڕێگاى گوندەکانى (شیلە و کانى ڕەش) بەگوژمەى (198,581,940) سەد و نۆەت و هەشت ملیۆن و پێنج سەد و هەشتاو یەک هەزار و نۆسەد و چل دینار.