نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس دەڵێت، سەرۆکی حکومەت، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی فەرەنسا دەبێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی کە ئێستا پێویستە لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەبێت، سەقامگیرییە.
رۆژی پێنجشەممە 16-02-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا؛ ژیرار لارشێ، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا و ئان ئیدالگۆ، سەرۆکی گەورەشارەوانیی پاریس کۆبووەوە.
عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لەبارەی کۆبوونەوەکان گوتی: ”سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمی سەرۆکی فەرەنسا سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و کۆبوونەوەکان سەرکەوتوو بوون.”
فەرەنسا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعشە و لە هەرێمی کوردستان و عێراق سەرباز و راوێژکاری هەیە. ئەو وڵاتە ئەوروپییە بە هەزار سەرباز لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق و سووریا بەشداربوو. لە ساڵی 2014ـەوە هەزار و 459 هێرشی ئاسمانیی لە عێراق و سووریا کردووە، دوو هەزار و 251 ئامانجی داعشی تێکشکاندووە.
عەلی دۆڵەمەڕی سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان گوتی، زۆر بابەتی “گرنگ” خرانە بەرباس، بەتایبەتی لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، گفتوگۆ لەسەر دۆخی ناوچەکە کرا و لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا گفتوگۆ کرا، “چونکە فەرەنسا گرنگی بە هەرێمی کوردستان و عێراق دەدات.”
سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا، دوای سەردانی مانگی رابردووی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەو وڵاتە بوو.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، ماکرۆن پێیوایە ”پەیوەندییەکی باش لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی سەقامگیریی عێراق.”
عەلی دۆڵەمەڕی گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا باسی بارودۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان کرا، ”بەتایبەتی سەرۆکی حکومەت باسی هەموو ئەو خاڵانەی کرد کە ئێستا پێویستە بۆ ئەوەی تەنیا پشت بە داهاتی نەوت نەبەستین و لە داهاتوودا پشت بە داهاتی ناوخۆ بەتایبەتی لەبواری کشتوکاڵی و گەشتیاری ببەستین.”
دوای کۆبوونەوەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، لە بەشێکیدا هاتووە: گفتوگۆ لەبارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و هەناردەکردنی بەروبوومی ناوخۆیی بۆ بازاڕەکانی دەرەوە بەتایبەتی ئەوروپا.
بەپێی راگەیێندراوەکەی حکومەت، ماکرۆن “خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە کە توانیوێتی هانی کۆمپانیا فەرەنسییەکان بدات بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.”
لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنساش، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا بە رێز و پێزانینەوە ئاماژەی بە خەبات و قوربانیدانەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد، بەتایبەتی لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی پێکهاتە جیاوازەکانه هەرێمی کوردستان.”
فەرەنسا لەدوای تێکشکاندنی خەلافەتی داعشیش 60 ملیۆن یۆرۆی بۆ بنیاتنانەوەی ناوچە رزگارکراوەکان و سەقامگیرکردنیان تەرخانکردووە، لەوانەش 20 ملیۆن یۆرۆ بۆ شاری موسڵ.
هەروەها مەشق و راهێنانی بە 10 هەزار سەربازی عێراقی و پێشمەرگە کردووە. ئەمە جگە لەوەی 100 ملیۆن یۆرۆی بۆ سووریا تەرخانکردووە. 45 ملیۆن یۆرۆ لەوانەش بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بووە.
عەڵی دۆڵەمەڕی دەڵێت: “لەگەڵ سێناتی فەرەنسی زیاتر باسی ئەوە کرا دەبێت پەیوەندییەک لە نێوان پەرلەمانی کوردستان و سێناتی فەرەنسی دروست بکرێت و ئەوە زۆر گرنگە.”
ئەو نوێنەرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوە لەگەڵ ژیرار لارشێ باسی ئەوە کرا کە سێنات دەتوانێت لە چەندین خاڵدا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات: ”بەتایبەتی لە پێگەیاندنی کادر و کردنەوەی خول بۆ ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان یان ئەوانەی لە پەرلەمانی کوردستان کار دەکەن.”
بەگوتەی عەلی دۆڵەمەڕی، سەرۆکی حکومەت بە فەرمی سەرۆکی سێناتی بۆ هەرێمی کوردستان بانگێشتکردووە و “لەوانەیە ئەم سەردانە بکرێت.”
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەی بۆ فەرەنسا، سەردانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی پاریسیشی کرد و لەلایەن سەرۆکی شارەوانی، ئان ئیدالگۆ پێشوازی لێکرا.
ئان ئیدالگۆ ئاماژەی بەوەکرد: “کوردستان پێگەیەکی تایبەتی لە دڵی فەرەنسییەکاندا هەیە” و باسی لە سەردانەکانی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەییشی بۆ “ئەنجامدانی کارو پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ شاری هەولێر” دەربڕی.
لە راگەیێندراوی حکومەتیشدا هاتووە: “سەرۆکی حکومەت، پێزانینی خەڵکی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامیی گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە و سوپاسی شارەوانیی پاریسیشی کرد بۆ ئەو هاوکارییانەی کە وەک دەستەخوشکێک پێشکێشی شاری هەولێری کردووە.”
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس ئاماژەی بەوە کرد: “سەرۆکی شارەوانی دۆستێکی نزیکی کوردە و رێککەوتننامەیەک لە نێوان هەولێر و پاریس واژۆ کراوە و تائێستا چەندین خاڵیشی جێبەجێکراوە.” گوتیشی: “لە داهاتوویەکی نزیکدا جارێکی دیکە سەرۆکی شارەوانیی پاریس بە یاوەری شاندێک سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و چاوی بە پارێزگاری هەولێر دەکەوێت.”
عەلی دۆڵەمەڕی گوتی، فەرەنسا دەیەوێت لە بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان و نۆژەنکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە دەستی داعش رزگارکراون، بەشدار بێت: “چونکە فەرەنسا لەم شەڕەدا بەشدار بوو و دەیەوێت لە ئاوەدانکردنەوەش بەشدار بێت.”
پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا لەمێژینەیە و ئابی 2021یش ئیمانوێل ماکرۆن سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
مێژووی نوێی پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی هەرێمی دژەفڕین لە ساڵی 1991 دەگەڕێتەوە بە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و مەشق و راهێنان لە شەڕی دژی داعشیشدا فەرەنسا پشتیوانیی لە پێشمەرگە کرد.
عەلی دۆڵەمەڕی گوتی: ”لە شەڕی داعش، فەرەنسا یەکەمین وڵات بوو لە ئەوروپا کە زۆرترین قوربانیدا بۆیە جەخت لەوە دەکەنەوە کە فەرەنسا پشتیوانیی هێزەکانی پێشمەرگە و عێراق دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش تاوەکو کۆتایی دێت.”
نوێنەری حکومەت لە پاریس دەڵێت، “گرنگترین شت بۆ فەرەنسییەکان ئەوەیە کە حکومەتێکی تۆکمە لە عێراق دروست بکرێت و رێز لە هەموو پێکهاتەکانی عێراق بگیرێت. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ هەموو مافەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دەستەبەر بێت.”
عەلی دۆڵەمەڕی ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دەزگای مدێف کە دەزگایەکی گرنگی فەرەنسییە کۆبوونەوەیەکی گرنگی ماوە، چەندین کۆمپانیاش ئامادە دەبن بۆ ئەوەی سەرۆکی حکومەت باسی ئەو هەلانە بکات کە لە هەرێمی کوردستان هەیە.
دەزگای مدێف سەرپەرشتی هەموو کۆمپانیا فەرەنسییەکان دەکات کە لە دەرەوە وەبەرهێنان دەکەن. سەرۆکی حکومەت گوتارێکی دەبێت و باس لەوە دەکات کە ”هەرێمی کوردستان هەرێمێکە لە رووی ئاسایش و سەقامگیرییەوە جیاوازە لە عێراق، لە هەرێمی کوردستان یاسایەک هەیە بەناوی یاسای وەبەرهێنان کە زۆر ئاسانکاری بۆ کۆمپانیاکان دەکات.”