ئەمڕۆ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەستپێدەکات، نێچیرڤان بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی بەشدارن، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت: “نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکی وڵات مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.”
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند: “لە کۆنفرانسی میونشن زۆر بابەتی گرنگ تاوتوێ دەکرێن و بڕیاربەدەستانی نێودەوڵەتی بەشداریی هەرێمی کوردستانیان لە کۆنفرانسی میونشن پێ گرنگ بووە.”
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا گوتیشی: “لە کۆنفرانسەکەدا قسە لەسەر بابەتی ستراتیژی و ئەمنی دەکرێت و کۆنفرانسەکە دەرفەتێکە بۆ هەرێمی کوردستان پەیامی خۆی بگەیێنێت.”
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ساڵی 1963 دامەزراوە و دروشمەکەی “ئاشتی بە دیالۆگکردن”ـە و بە گەورەترین کۆنفرانسی ئاشتی لە جیهان دادەنرێت.
دلاوەر ئاژگەیی پێیوایە، بەهێزبوونی پێگەی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی “گرنگە” و دەشڵێت: “بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی نیشانەی بەهێزی پێگەی هەرێمی کوردستانە.”
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کە بە داڤۆسی ئاسایش ناسراوە، کەم جار هەبووە بەشداربوو و قسەکەرەکانی هاوبیر بن. ساڵی 2007، ڤلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گوتارێکی زۆر تووندی دژی سیاسەتەکانی دوای جەنگی ساردی ئەمریکا پێشکێشکرد، کە بە یەکێک لەو گوتارانە دادەنرێت کە کەلێنێکی گەورەی کردە نێوان پەیوەندییەکانی ئەو دوو زلهێزەی جیهان.
لەبارەی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا، دلاوەر ئاژگەیی دەڵێت: “نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکی وڵات مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگی دەبێت و لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا کۆدەبێتەوە.”
کریستۆڤ هیوسگن، سەرۆکی نوێی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن باسی لەوەکردووە، ئەمساڵ گەورەترین شاندی ئەمریکا بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن. لە نێو شاندەکەدا کاماڵا هاریس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەشدارن.
ئەو دوو جەمسەرە جیاوازە دیارەی ئەمساڵ لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چینن کە بریارە بەیەکەوە گرژییەکانی باشووری ئاسیا و ئەمریکا بخەنە بەر باس. یەکێک لەو مژارانەش چاوەڕواندەکرێت گرنگی زۆری پێبدرێت، خستنەخوارەوەی باڵۆنێکە کە ئەمریکا بە باڵۆنە چینییەکە ناوی دەبات لە ئاسمانی ئالاسکا. بەگوێرەی ئەمریکا چین مانگی دەستکرد، رادار و ئامێری چاودێری بەو باڵۆنەوە کردووە و بۆ کاری سیخوڕی بەکاریهێناوە