ئەمڕۆ (هەینی 17ـی شوبات / فێبرایهری 2023)، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ فەرەنسا، لە نووسینگەی سەرەکی دەزگای بازرگانیی فەرەنسی بۆ کۆمپانیا فەرەنسییەکان Mouvement des entreprises de France (MEDEF) لە شاری پاریس، لە گەڵ ژمارەیەک خاوەنکار و وەبەرهێنەر و بازرگان و نوێنەری چەندین کۆمپانیای فەرەنسی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت تیشکی خستەسەر بارودۆخی گشتی ئابووری هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە رووی هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوازرییە گشتییەکان و پێشکەشکردنی ئاسانکاری پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە .
سەرۆکی حکومەت، هانی کۆمپانیا فەرەنسییەکانی دا کە زیاتر وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن، لەم ڕووەوە سەرۆکی حکومەت ئامادەیی هەموو هاریکاریی و هاوئاهەنگییەکی پێویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەربڕی .
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان چەندین سەرنج و تێبینی و راسپاردەیان بە ئاراستەی پەرەپێدانی وەبەرهێنانی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو و سەرۆکی حکومەت وەڵامی پرسیار و تێبینی بەشدارانی کۆبوونەوەکەی دایەوە.