سروه‌ ساڵح: ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ پارێزگای سلێمانی 460 هه‌زار لیتر نه‌وتی سپیی به‌سه‌ر 4600 خێزانی كه‌مده‌رامه‌تدا دابه‌ش كرد

له‌ پارێزگای سلێمانی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی 460 هه‌زار لیتر نه‌وتی سپیی به‌سه‌ر 4600 خێزانی كه‌مداهاتدا دابه‌ش كرد و پرۆسه‌كه‌ش‌ له‌ 1/2/2023 ده‌ستی پێ كرد و به‌رده‌وام بوو تا 14/2‌.

سروه‌ ساڵح مسته‌فا، به‌رپرسی نووسینگه‌ی سلێمانیی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: “له‌ پرۆژه‌ی زستانه‌یدا ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ساڵی 2023 بڕی 2 ملیۆن لیتر نه‌وتی سپی به‌سه‌ر خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌تدا دابه‌ش كردووه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، له‌و پرۆسه‌یه‌شدا ئێمه‌ وه‌ك نووسینگه‌ی سلێمانی له‌ 1/2/2023 ده‌ستمان به‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی كرد به‌سه‌ر خه‌ڵكی كه‌مده‌رامەتدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بڕی 460 هه‌زار لیترمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ وه‌ك ئۆفیسی سلێمانیی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی به‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌ جیاجیاكانی سلێمانیدا وه‌ك: ناوچه‌كانی پێنجوێن، سه‌ید سادق، شاره‌زوور، قه‌ره‌داغ، بازیان، تاسلووجه‌ و پیره‌مه‌گروون، هەروەها قه‌ڵادزێ و ڕانیه‌ وه‌ك ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ و هه‌تا ده‌گاته‌ ده‌ربه‌ندیخان كه‌ فراوانترین سنوور هی ئێمه‌یه‌ دابه‌ش كرد، به‌بێ جیاوازی و ئه‌م هاوكارییه‌ش بۆ 4600 خێزان بووه‌ و هه‌ر خێزانێك 100 لیترمان بۆ دابین كردووه‌ و ئه‌و ناوچانه‌ی دوورده‌ست بوون خۆمان به‌ تانكه‌ر بۆمان بردوون له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه‌ شوێنه‌كه‌ سه‌خت و به‌فرگر بووه‌، نه‌مانهێشتووه‌ پرۆسه‌كه‌ بوه‌ستێ.”

سروه‌ سالح گوتیشی: ”ئه‌م هاوكارییه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ بووه‌ كه‌ داهاتیان كه‌مه‌، یاخود مووچه‌كانیان له‌ خوار 500 هه‌زاره‌وه‌یه،‌ یان خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌تن، یا له‌ ماڵه‌كه‌یاندا خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت هه‌یه‌، ئێمه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ و گه‌یاندنی كه‌سانی موسته‌حه‌ق لیسته‌مان وه‌رگرتووه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ پارێزگار و قائیمقامیه‌تی سلێمانی، هه‌روه‌ها له‌ كۆمه‌ڵه‌كانی ڕۆژ و نابینایان و نابیستان و كه‌مئه‌ندامان وه‌رمانگرتووه، ڕه‌نگه‌ هه‌موو خه‌ڵكه‌ كه‌مداهاته‌كه‌ به‌ری نه‌كه‌وتبێ، به‌ڵام هه‌وڵی ئێمه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌و نه‌وته‌ به‌ موسته‌حه‌قترین توێژی كۆمه‌ڵگه‌ بگات، دیاره‌ ئێمه‌ پرۆژه‌ی دیكه‌شمان هه‌ن له‌ سلێمانی وه‌ك پرۆژه‌ی ئازیزان كه‌ مناڵی بێسه‌رپه‌ر‌شت وه‌رده‌گرین، پرۆژه‌ی ویلچه‌رمان هه‌یه‌ بۆ دابینكردنی ویلچه‌ر بۆ كه‌مئه‌ندامان و ئه‌و كه‌سانه‌ سه‌ردانمان ده‌كه‌ن و ئێمه‌ بۆیان دابین ده‌كه‌ین و له‌ داهاتووشدا پرۆژه‌ی ترمان ده‌بن، پرۆژه‌ی دابه‌شكردنی سووته‌مه‌نی زۆر باش بوو و پرۆسه‌ی دابه‌شكردنه‌كه‌یشی به‌ باشی به‌ڕێوه‌ چوو تا 14/2 به‌رده‌وام بوو، دیاره‌ شاری سلێمانی زۆر كه‌سی تر قه‌ول و قه‌راری پێدا بوون سووته‌مه‌نییان بۆ دابین بکات، به‌ڵام نه‌یانكرد به‌ كردار و ئێمه‌ به‌ كرده‌وه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌مان جێبه‌جێ كرد و سووته‌مه‌نیمان بۆ موسته‌حه‌قترین توێژی خه‌ڵكی سلێمانی دابین كرد.”

ئاماژەی بەوەش دا: ”ئێستا تیمه‌كانمان به‌شێكی زۆریان له‌ ناوچه‌ بوومه‌له‌رزه‌ لێدراوه‌كانی توركیا و باكووری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستانن بۆ یارمه‌تیدان و هاوكاریكردنی لێقه‌وماوانی ئه‌و ناوچانه‌ كه‌ هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازین له‌ ئه‌ركه‌كانیاندا.”