ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 15ی شوباتی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومەت، گەیشتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا. ئەمڕۆ 16/2/2023 سەرۆکی حکومەت لەگەڵ سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی فەرەنسا کۆدەبێتەوە، بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا لە هەموو بوارەکاندا.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا، دۆخی ئەمنی و ئابووری، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەکرێت.
کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکی مێژووییان هەیە و لە سەردەمی حوکمڕانی چەندین سەرۆکی فەرەنسا و تێپەڕبوونی قۆناغی جیاجیا ئەو پەیوەندییانە پەرەیان پێدراوە، لە شەڕی داعشدا فەرەنسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هاوکار و پشتیوانێکی بەهێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان بوو، بۆ تێکشکاندنی داعش.