جووتیار عادل: شاندی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كاته‌وه‌

جووتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو جارێكی دیكه‌ شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی گفتوگۆ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات. راشیگه‌یاند، رێككه‌وتنی سه‌ره‌تایی له‌باره‌ی یاسای بودجه‌ كراوه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (16ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023)، جووتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی سه‌ردانی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا و گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق، سه‌ردانی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئیمارات و فه‌ره‌نسا و راپۆرتی دیلۆیت و كه‌رتی گاز و نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووسانی دایه‌وه‌.

له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی شاندی هه‌رێم بۆ به‌غدا، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ به‌غدا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانی دارایی، نه‌وت، پلاندانان و چه‌ند وزاره‌تێكی دیكه‌ كۆبوونه‌ته‌وه‌ و یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو بۆ درێژپێدان به‌و گفتوگۆیانه‌ دووباره‌ شاندی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا ده‌كاته‌وه‌.

گوتیشی، “یه‌كێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی شاندی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان بووه‌. له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تی هه‌ماهه‌نگیكردن و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان كرا. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس له‌ هه‌ندێك ده‌روازه‌ كرا، كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ فه‌رمین، به‌ڵام له‌لای حكومه‌تی عێراق نافه‌رمین، بۆیه‌ گفتوگۆكرا چۆن ئه‌و ده‌روازانه‌ بكرێنه‌ فه‌رمی و له‌وباره‌وه‌ هه‌نگاوی باش نراوه‌ و رێككه‌وتنی سه‌ره‌تایی كراوه‌.”

جووتیار عادل ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، رێككه‌وتنی سه‌ره‌تایی له‌باره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023ـی عێراق له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و عێراق كراوه‌ و ئه‌ركه‌كانی هه‌ردوولا دیاریكراون، به‌ڵام “هه‌ندێك ورده‌كاری ماون” پێویسته‌ گفتوگۆیان له‌سه‌ر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پشتگوێ نه‌خرێن.

له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئیمارات بۆ به‌شداریكردن له‌ لوتكه‌ی وڵاتانی جیهان و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵاكانی ئه‌و وڵاته‌، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا داوا له‌ وڵاتانی كه‌نداو كراوه‌ وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامبده‌ن و سه‌ردانه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی “به‌رهه‌مدار” بووه‌. گوتیشی، “وڵاتانی كه‌نداو به‌ گرنگییه‌وه‌ ته‌ماشای پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.”