له‌ سلێمانی كه‌سێك ده‌ستگیرده‌كرێت كه‌ به‌ فێڵ هه‌زار دۆلاری له‌ كچێك سه‌ندووه‌

له‌ سلێمانی گه‌نجێك ده‌ستگیركرا، كه‌ به‌ بیانووی ئه‌نجامدانی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵیدا، بڕی هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی له‌ كچێك سه‌ندووه‌. كچه‌كه‌ش ده‌ڵێت، ئه‌و كوڕه‌ی له‌ رێگه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ناسیوه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (16ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023)، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، مه‌فره‌زه‌كانی‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ به‌ختیاری‌ تۆمه‌تبارێكیان ده‌ستگیركرد كه‌ “به ‌فێڵ ‌و به‌بیانوی‌ ئه‌نجامدانی‌ پرۆسه‌ی‌ هاوسه‌رگیریی‌” له‌گه‌ڵیدا، بڕێك پاره‌ی‌ له‌ كچێك سه‌ندووه‌.

بوگوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، ئه‌و كچه‌ی سكاڵای له‌سه‌ر گه‌نجه‌كه‌ تۆماركردووه‌، به‌ پۆلیسی گوتووه‌، كوڕه‌كه‌ی له‌ڕێگه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ناسیوه‌ و دوای ئه‌وه‌ی یه‌كتریان بینیوه‌، گه‌نجه‌كه‌ “به‌ڵێنی ئه‌نجامدانی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵی” پێداوه‌ و به‌ فێڵ، بڕی هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لێ سه‌ندووه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، گه‌نجه‌كه‌ ناوی (د. د. م.)ـه‌ و له‌دایكبووی‌ ساڵی 1997ـه‌. بە بڕیاری دادوەر راگیراوه‌ و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامن.