شەممە, تشرینی دووه‌م 30, 2024

مەسرور بارزانی: پرسی کۆچبەران جێگەی نیگەرانی قوڵی ئێمەیە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پانێلێکدا لە كۆڕبه‌ندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ زانكۆی ئه‌مه‌ریكی كوردستان له‌ دهۆك، لە گفتوگۆیەکی رۆژنامەوانی لەگەڵ مارتن چولۆڤ، رۆژنامەنووس لە گاردیانی بەریتانی رایگەیاند، پرسی کۆچبەران جێگەی نیگەرانی قوڵی ئێمەیە، سەلامەتی کۆچبەرانی کورد لە سنوورەکانی ئەوروپا بەلامانەوە گرنگە.

مەسرور بارزانی، گوتی: “قسه‌كردن له‌سه‌ر بابه‌تی كۆچبه‌رانی بێلاڕووس جێی نیگه‌رانی قوڵی ئێمه‌یه‌، سه‌لامه‌تی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ له‌سه‌ر سنوور و ئه‌و دارستانه‌ بۆ ئێمه‌ خاڵی له ‌پێشینه‌یه‌، خه‌ڵكێكی زۆرن، له‌ وڵاتانی جیاجیاوه‌ هاتوون، له‌وێ گیریان خواردووه‌، به‌ڵام خه‌ڵكی كوردستانیشی تێدایه‌، به‌ داخێكی گه‌وره‌وه‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ قۆرخكراون، له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك گرووپه‌وه‌، كه‌ بازرگانی به‌ مرۆڤه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ژماره‌یه‌ك گرووپی تایبه‌تن، هه‌ندێك خه‌ڵكی دیكه‌ش له‌ ده‌ره‌وه‌ و بێلاڕووس ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌و قه‌یرانه‌، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ ئێره‌یان له‌ژێر هیچ فشارێك به‌جێنه‌هێشتووه‌، به‌ڵكو ئه‌وان به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر یاسایی سه‌ردانی ئه‌و شوێنه‌یان كردووه‌، هیچ هێڵێكی ئاسمانی گه‌شتكردنی قه‌ده‌غه‌ نه‌كردووه‌، كه‌س رێگرییان لێناكات كێ گه‌شت ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌كی ئازادانه‌ گه‌شتیان كردووه‌، لێرە ئاراسته‌ كراون بۆ بێلاڕووس، له‌وێشه‌وه‌ بۆ سه‌ر سنووری پۆڵەندا، ئێستا له‌وێ گیریان خواردووه‌. به‌ داخێكی زۆره‌وه‌ بارودۆخه‌كه‌ له‌وێ زۆر سارده‌، هه‌ندێك وێنه‌مان له‌سه‌ر شاشه‌كانه‌وه‌ بینی، جێی نیگه‌رانی منه‌، به‌تایبه‌تی منداڵه‌كان، ئه‌و منداڵانه‌ بێتاوانن، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و منداڵانه‌ باجی ململانێی گه‌مه‌یه‌كی سیاسی ده‌ده‌ن، ئێمه‌ په‌یوه‌ندییمان دروستكردووه‌، په‌یوه‌ندیمان به‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ كردووه‌ و هه‌ر له‌ به‌غداوه‌ تا وڵاتانی دیكه‌، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌یه‌ك بدۆزینه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئێمه‌ داوامان له‌ هاوكاران و هاوبه‌شه‌كانمان كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌په‌له‌ هاوكاری بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی پێویستن و له‌وێ گیریانخواردووه‌. ئایا ئه‌و خه‌ڵكه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ یان ده‌چنه‌ شوێنێكی دیكه‌، پرسه‌ گرنگه‌كه‌ ئه‌وه‌ نییه‌، ئێمه‌ چاوه‌ڕێی گۆڕانكارییه‌كان ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لێره‌ بیڵێم ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ داخێكی زۆره‌وه‌ هه‌ندێك زانیاری نادروست بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، بۆچی ئه‌وانه‌ رۆیشتوون و بۆچی له‌وێن، به‌شێكی زۆریان به‌ ئازادانه‌ گه‌شتیان كردووه‌، له‌ كوردستانه‌وه‌ رۆیشتوون و هیچ قه‌ده‌غه‌كردنێك له‌ كوردستانه‌وه‌ نییه‌، كوردستان شوێنێكی ئارامه‌، ئاسایشی تێدایه‌ بۆ ژیان، ئێمه‌ زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن ئاواره‌مان په‌ناداوه‌، باوه‌شمان بۆیان كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ وڵاتی جیاجیاوه‌ هاتوون. ئه‌وان نه‌ڕۆیشتوونه‌ته‌ شوێنی دیكه‌ و بۆ كوردستان هاتوون، چونكه‌ هه‌ستیان به‌ ئارامی كردووه‌، بۆیه‌ هیچ مانای نییه‌ بڵێی ئه‌و خه‌ڵكانه‌ كوردستان به‌جێده‌هێڵێت، به‌هۆی نائارامییه‌وەیە‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌وترێت خه‌ڵك به‌دوای ده‌رفه‌تی دیكه‌دا ده‌گه‌ڕێت، هه‌ندێكی دیكه‌ ده‌ڵێن ئاساییه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ بڕۆن، چونكه‌ كێشه‌ی دارایی هه‌یه‌، ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ راست بێت، به‌ڵام قه‌یرانی دارایی خه‌تای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نییه‌، هه‌ر وه‌كو ده‌زانن ئێمه‌ كێشه‌مان هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، كه‌ ساڵانێكی زۆره‌، له‌ ساڵی 2020 و 2021 زیاتر له‌ 12 مانگ له‌و دوو ساڵه‌دا بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غداوه‌ نه‌هاتووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش قه‌یرانی كۆرۆنا له‌ ئابووری ئێمه‌ی دا، ئابووری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تووشی قه‌یران بوو، ده‌رفه‌تی كار كه‌مبووه‌وه‌، به‌غداش پاره‌ی نه‌ده‌نارد، ئێمه‌ هه‌ڕەشه‌یه‌كی گه‌وره‌مان له‌سه‌ر بوو، به‌ڵام ماینه‌وه‌، توانیمان درێژه‌ به‌ كاره‌كانمان بده‌ین و ده‌ست بكه‌ین به‌ چاكسازی، به‌ڵێ ئێمه‌ نه‌مانتوانی مووچه‌ی هه‌مووان بده‌ین به‌پێی پێویست، به‌ڵام ئێمه‌ مووچه‌مان دابه‌شكرد، به‌پێی ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستمان بوو، هه‌موو مانگێك توانیمان بڕێك پاره‌ بده‌ین”.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کارەکانی کابینەی نۆیەم، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “له‌وكاته‌وه‌ی كابینه‌ی من ده‌ستپێكردووه‌، تاوه‌كو ئێستا زیاتر له‌ 120 هه‌زار هه‌لی كارمان درووستكرووه‌، له‌ كه‌رتی تایبه‌ت و پڕۆژه‌ جیاوازه‌كان، به‌شێكیان حكومه‌ت دابینی كردووه‌، به‌شێكی دیكه‌ كه‌رته‌ جیاوازه‌كان دابینیانكردووه‌، كه‌ به‌ سپۆنسه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه‌، له‌ راستیدا ده‌رفه‌ت هه‌یه‌ بۆ خه‌ڵكی دیكه‌ش كار بكه‌ن، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، خه‌ڵك له‌ ئاسیاوه‌، له‌ فلیپین و چه‌ند شوێنی دیكه‌ هاتوون و له‌ كوردستان كار ده‌كه‌ن، خه‌ڵك هه‌یه‌ له‌ لوبنانه‌وه‌ هاتووه‌، له‌ ئه‌فریقیاوه‌ هاتوون، له‌ توركیا و‌ ئێرانه‌وه‌، له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراقه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ كوردستان و كاریان ده‌ستكه‌وتووه‌، برایانی عه‌ره‌ب هاتوون و كاریان ده‌ستكه‌وتووه‌، بۆچی خه‌ڵكی بیانی ده‌توانێت له‌ هه‌رێمی كوردستان كاری ده‌ستبكه‌وێت، به‌ڵام خه‌ڵكی خۆمان نه‌یتوانیوه‌، به‌ڕاستی پرسه‌كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ سرووشتی ئه‌و كاره‌ی خه‌ڵك ده‌یه‌وێت، ئه‌گه‌ر تۆ ده‌ته‌وێت كارێكی باشت ده‌ستبكه‌وێت، ده‌بێت به‌دوای ده‌رفه‌تی جیاوازدا بگه‌ڕێی، خوازیارم بابه‌ته‌كه‌ بۆ خه‌ڵكی روونبكرێته‌وه‌”.

مەسرور بارزانی، گوتیشی: “ده‌مه‌وێت زانیارییه‌کان به‌ هه‌ڵه‌ نه‌گاته‌ خه‌ڵك، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی به‌رچاویان روون بێت، كه‌ هۆكاری ئه‌م كۆچه‌ چییه‌، خه‌ڵكێك هه‌یه‌ بچێت به‌دوای ده‌رفه‌تی دیكه‌دا بگه‌ڕێت، نابێت بڵێیت ئه‌مه‌ رایكردووه‌، ئه‌گه‌ر بڕوات و هه‌ركات بیه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌، كوردستان ماڵی خۆیه‌تی و ئێمه‌ له‌ خزمه‌تیداین، ده‌توانین بڵێین هه‌ندێك له‌و کۆچبەرانه‌، ده‌یان هه‌زار دۆلاریان داوه‌ به‌ كۆمپانیاکانی گەشتیاری، هه‌ندێك ئه‌و بارودۆخه‌یان قۆرخ كردووه‌، بۆ مه‌به‌ستێكی دیاریكراوه‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ به‌كارده‌هێنن، ئه‌گه‌ر كه‌سێك ئه‌وه‌نده‌ هه‌زار دۆلاره‌ی هه‌بێت، ده‌توانێت ده‌رفه‌تێكی كاركردن بۆ خۆی بدۆزێته‌وه‌، ئێمه‌ بینیوومانه‌ خه‌ڵك له‌ سلێمانی، هه‌ولێر و دهۆك بزنسی بچووكیان دروستكردووه. ئێمه‌ ئێستا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵیدا كارده‌كه‌ین، هه‌ندێك ده‌ستپێشخه‌ریمان كردووه‌، خه‌ڵکێك بیه‌وێت بگەڕێتەوە‌، ده‌یانهێنینه‌وه‌”.

دەربارەی هه‌لی كار و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: “ده‌مه‌وێت هه‌ندێك شت روونبكه‌مه‌وه‌، نامه‌وێت بڵێم لێره‌ دۆخەکە زۆر زۆر باشه‌، ئێمه‌ كێشه‌ ئابووریمان هه‌یه‌، كێشه‌ی ئه‌منیشمان هه‌یه‌، به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ رووبه‌ڕووی هه‌رێم ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ كێشه‌ گه‌وره‌كان، به‌ڵام ئێمه‌ به‌شێكی دابڕاو نین له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه‌ كۆمه‌ڵێك قه‌یرانی تێدایه‌. به‌ڕاستی ئێمه‌ توانیومانه‌ له‌ چركه‌ساتی زۆر قورسدا وه‌كو هه‌رێمی كوردستان بمێنینه‌وه‌، ده‌مه‌وێت بڵێم، له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی ئێمه‌ زۆر قورس بووه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ چاكسازیمان نه‌كردبا‌، ئه‌وكاته‌ ئێمه‌ ده‌ڕووخاین و نه‌ده‌ماین، ئێمه‌ هه‌وڵماندا هه‌موو كارێك بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئابوورییه‌كی باشترمان هه‌بێت و ده‌رفه‌تی كاری زیاتر دروستبكه‌ین، كردیشمان و هه‌وڵمانداوه‌ ئه‌و كێشانه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌ و چاره‌سه‌ر نه‌كراون، چاره‌سه‌ر بكرێن، کە هیوادارین ئه‌مه‌ ببێته‌ ده‌رفه‌تێك بۆ هه‌ر کەسێک بیه‌وێت، كاری ده‌ستبكه‌وێت”.