بە مەبەستی ڕێكخستنی بواری چەك و بە سیستەمكردنی بازاڕەكانی بازرگانیی چەك و ڕێكخستنی كاری كۆمپانیا ئەمنی و ڕاهێنەرییەكانی ئەو بوارە، بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێبوونی یاسای چەك و یاسای كۆمپانیا تایبەتییە ئەمنییەكان، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێنماییەکی تایبەتی دەركردووە.
لە ڕێنماییەكەدا بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، دەبێت كۆمەڵگەیەكی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی چەكی ئاگرین دابمەزرێت، ئەوەش كۆمەڵێك كاری وەكوو كڕین و فرۆشتن و چاككردنەوەی چەك و شوێنی ڕاهێنان لەسەر چەك و سەنتەری مەشقی كارمەندانی كۆمپانیای ئەمنی لەخۆ دەگرێت و لەژێر چاودێریی حكومەتدا دەبێت.
بەپێی ئەو ڕێنماییە، جگە لەوەی تایبەتمەندییە گرنگەكانی كۆمەڵگەی چەكفرۆشی و مەشق و ڕاهێنان بەپێی ستانداردەكانی ڕووبەر و بیناسازی و بنەماكانی سەلامەتی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دیاریدەكات، كۆمەڵگەكە بە سیستەمێكی ئەلیكترۆنییەوە بە وەزارەتی ناوخۆوە پەیوەست دەكات و زانیارییەكانی تایبەت بە كڕین و فرۆشتنی چەك و ڕاهێنان و مەشقپێكردنی كارمەندی كۆمپانیای ئاسایشپارێز، لە ژێر چاودێریی وەزارەتی ناوخۆدا دەبن.
لە ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆدا، ڕەچاوی مەرجی تایبەتمەندیی ئەو كۆمەڵگانە لەڕووی ڕووبەر، بینا، سەلامەتیی ئەمنی، خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان، ڕووبەری سەوزایی، كافتریا و شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلیان بۆ كراوە، كە بە هاوبەشیی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت بەڕێوەدەبرێن.
ئامانجی حكومەتی هەرێم لەو ڕێنماییەدا، لەلایەكەوە جڵەوكردن و ڕێكخستنی كڕین و فرۆشتنی چەكە بە ڕێگەی یاسایی و قەدەغەكردنی بەكارهێنانی چەكە لە دەرەوەی یاسا؛ لەلایەكی دیكەشەوە دەیەوێت چالاكییە ئەمنییەكانی كۆمپانیاكانی پاراستنی ئاسایش، بە شێوەیەك ڕێكبخات كە بە پێی پێوەرە درووستە نێودەوڵەتییەكان و لەژێر چاودێریی حكومەتدا بن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٥ی شوباتی ٢٠٢٣