چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

قه‌یرانی بەرزبوونەوەی نرخی پیاز چەندین وڵات دەگرێتەوە

قەیرانی پیاز چەند هەفتەیەکه‌ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ته‌نیووه‌، بەجۆرێک بوكێك لە فلیپین، لە رۆژی ئاهه‌نگی هاوسەرگیری خۆیدا لەبری ‌ گوڵی سوور، دەستە گوڵێکی پیازی هەڵگرتووە.

بەرزبوونەوەی نرخی پیاز ئاراستەیەکی جیهانی وەرگرتووە، كاتێك بەهۆی دابەزینی بەرهەمی پیاز له‌ دوو دیارترین وڵاتانی به‌رهه‌مهێن، وه‌كو هیندستان و پاكستان، به‌هۆی بارانی به‌خوڕ و لافاوه‌وه‌ ئاستی به‌رهه‌می پیاز كه‌میكرد و خواستیش له‌سه‌ر پیاز زیادیكرد، به‌مه‌ش نرخی پیاز به‌رزبووه‌وه‌.

چیرۆکەکە لە فلیپین و پاکستانەوە دەستی پێکردووە، لە فلیپین هاوشێوەی بەشێکی زۆری جیهان، نرخی خۆراک و سووتەمەنی نرخی پیاز به‌رز بووه‌وه‌، وه‌ك  لە دوای داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن رووسیا نرخی خۆراك به‌رزبووه‌وه‌.

حکومەتی فلیپین بازرگانان به‌هۆكار ده‌زانێت، كاتێك كۆگای ساردكه‌ره‌وه‌یان دروستكرد بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و خۆراكانه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جووتیاره‌كان ده‌ستیان به‌و كۆگایانه‌ ناگات، بۆیه‌ جووتیارانی فلیپین لە ساڵانی پێشوو بەرهەمەکانیان بە داشکاندنی لەسەدا 60 بۆ 80 بەو بازرگانانە فرۆشتووە کە شوێنی هەڵگرتنی ساردکەرەوەیان هەبووە، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتداران له‌سه‌ر قه‌یرانی پیاز رایانگه‌یاندووه،‌ كه‌ نرخه‌كان داده‌به‌زێتەوە.

لەوبارەوە کەناڵی سی ئێن ئێن، بڵاوی کردەوە، بەرهەمهێنەرانی پیازی ناوخۆیی لە ڤلیپین نزیکەی 168 ملیۆن پێسۆی فلیپینیان زه‌ره‌ر كردووه‌، بەهۆی پشتگوێخستنی كۆگای ساردکەرەوە لە پارێزگای بولاکان لە فلیپین.

راپۆرتێکی پێشووتری (داون) ئاماژەی بەوەکردووە، لە پاکستان یه‌ك كیلۆ پیاز بە 250 روپیە دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا لە ناوچەکانی دیکەی وڵات نرخەکەی لەنێوان 200 بۆ 320 روپیەدایە بەهۆی سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە بەروبووم و باجی زیادە لەسەر هاوردەکردنی خۆراکی سەرەکی.

پێگه‌ی (ئێست فرۆت) بڵاویكرده‌وه‌، میوەی رۆژهەڵات کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر نرخی پیاز لە کۆتایی وەرزی ئێستادا و سەرەتای وەرزی داهاتوو.

هەندێک لە جووتیاران کە هێشتا کۆگای پیازیان لە ئۆکرانیا هەیە، لە سەرەتای مانگی شوباتەوە فرۆشتنیان راگرتووە، جووتیارانیش نرخی ریکلام بۆ هەر کیلۆیەک 0.96 دۆلار داناوە. هەروەها زیادبوونی بەرچاوی خواست لەسەر تۆوی پیاز لە ئۆکرانیا هه‌یه‌.

بەگوێرەی ئەو پێگەیە، ئەو جووتیارانەی ئۆکرانیا کە کۆگای بەرهەمی ساڵی رابردوویان هەیە، هەروەها ئەوانەی ئەمساڵ پیاز دروێنە دەکەن، چاوەڕێی ئەوە دەکەن کە قەیرانی پیاز بقۆزنەوە و قازانجی گەورە بەدەست بهێنن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی بارودۆخی سەختی بەهار و هاوینی ساڵی 2022 و داگیرکردنی ناوچەکانی باشووری ئۆکرانیا، ژمارەی ئەو بەرهەمهێنەرانەی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، کە دەتوانن تا مانگی ئایاری، 2023 پیازی کوالێتی بەرز کۆبکەنەوە.

میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ گرانبوونی نرخی پیازدا هه‌رایان نایه‌وه‌، میدیاکانی لوبنان بە هەواڵی بەرزبوونەوەی نرخی یەک کیلۆ پیاز بۆ 70 هەزار لیرە سەرقاڵ بوون، تا ئەو رادەیەی رۆژنامەی لوبنانی، نیدا ئەلوەته‌ن، لە لاپەڕەی یەکەمدا مانشێتی “دۆلار یەکسانە بە 100 هەزار لیرە”.

لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکی کۆمەڵەی جووتیارانی لوبنان، ئەنتوان حوه‌یک له چاوپێکەوتنێکدا به‌ (حوره‌)ی  رایگه یاند: “لوبنان بەشێوەیەکی سەرەکی پیاز له میسرەوه هاورده ده کات، بەڵام بەهۆی قەیرانی پیاز له وڵاتانی دیکه توانیان دووباره پیازه‌كه‌ به‌نرخێكی گرانتر بفرۆشنه‌وه‌ به‌ لیبیا.

گوتیشی: “ئەگەر بازرگانه‌كان لە لوبنان نه‌گه‌ڕابوونایه‌وه‌ بۆ فرۆشتنی پیازی هاوردەکراو بۆ ئەوەی سوود لە قەیرانەکە وەربگرن، ئەوا نرخی ناوخۆیی تا ئەو رادەیە بەرز نەدەبووەوە”.

لای خۆیەوە سەرۆکی کۆمەڵەی جووتیاران و کۆڵبەرانی بێکاع، ئیبراهیم ئەلتەرشیشی لە چاوپێکەوتنێکی پێشووی لەگەڵ کەناڵی ئەلحوره‌ رایگەیاندبوو، نرخی کیلۆیەک پیاز لە سوریا 5 مانگ لەمەوبەر یەکسان بووە بە دۆلارێک و هەمان شت لە عێراقیشدا راستە تەنانەت لە تورکیاشدا کە بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی پیاز دادەنرێت لە ناوچەکەدا، نرخی کیلۆیەک یەکسانە بە دۆلارێک.

لە فلیپین، لە 21-1-2023، بووکێک لە ئاهەنگی هاوسەرگیریەکەیدا دەستە گوڵه‌ پیازێكی هه‌ڵبژارد له‌ جیاتی ده‌سكه‌ گوڵ.