پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ڕێڤینگ ھرۆری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان: چاکسازیی لەناو ھێزەکانی پێشمەرگە، خواست و داواکاری سەرۆک بارزانی بووە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

هەماهەنگی لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە ڕێڤینگ ھرۆری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، لەم دیدارەدا دەڵێت: پڕۆژە چاکسازییە ٣٥ خاڵییەکەی وەزارەتی پێشمەرگە قۆناخی باشی بڕیوە. دەشڵێ: چاکسازیی لەناو ھێزەکانی پێشمەرگە، خواست و داواکاری سەرۆک بارزانی بووە.

  • تا چەند چاکسازیی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە کراوە؟
  • زۆر گرنگە چاکسازیی لەناو دامودەزگاکانی حکوومەت بکرێت، بەتایبەتی لەناو ھێزەکانی پێشمەرگە، ئەوەش خواست و داواکاریی سەرۆک بارزانی بووە، بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەرایەتییەک بەناوی چاکسازیی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە کراوەتەوە، تا ئێستە لەو ٣٥ خاڵەی پێشکەش کراون، چەندین خاڵ جێبەجێ کراون و پرۆسەکەش بەردەوامە، بۆ ئەوەی هەموو ھێزی پێشمەرگە بخرێتە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.
  • ئەو بابەتانەی چاکسازییان تێدا دەکرێت چین؟
  • ئەو بابەتانەی چاکسازییان تێدا دەکرێت بریتین لە گواستنەوەی دۆسیە و مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین لە وەزارەتی دارایی، یەکخستنەوەی سەرجەم ژمێریارییەکان لەوانەش ژمێریارییەکانی یەکەی ٧٠ و ٨٠ و کۆکردنەوەیان لە بنکەی وەزارەت.
  • سەرۆکی هەرێم و سەرۆک حکوومەت تا چەند پشتیوانی پرۆسە دەکەن؟
  • نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، زۆر پشتگیری لە پرۆسەکە دەکەن، بۆ ئەو مەبەستە هەنگاوی کردەیی بۆ چاکسازیی و ڕێکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە نراوە. لەگەڵ ئەوشدا ھاوپەیمانان زۆر جددین بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەر بگرێت، داواکاری ئەوان لە ئێمە ئەوە بووە، دەبێت چاکسازیی لەناو ھێزەکانی پێشمەرگە بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر ھاوکاریی پێشمەرگە بکەن.
  • ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان چۆنە، تا چەند هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە؟
  • ڕەوشی ناوچە کوردستانییەکان وەکو پێویست نییە، هەتا ئێستە لە هەندێک ناوچە گروپە چەکدارەکان هەڕەشەن بۆ سەر ھاووڵاتییان. بەڵام هەماهەنگیی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە، بۆ ئەوەی ڕەوشی ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکرێت و خەڵکی ئەو ناوچانە دووبارە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن.