هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ئاماری گشتی هاوكارییه‌كان بۆ لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو

دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاماری گشتی ئەو پێداویستییانەی خستەڕوو کە رەوانەی ئەو ناوچانەی کردووە بەهۆی بوومەلەرزەوە له‌ باكوور و رۆژئاوای كوردستان، توركیا و سووریا زیانیان بەرکەوتووە، کە پێکدێن لە دەرمان، بەتانی، خۆراک و خواردنی خێرا، ئاوی خواردنەوە، چادر و جلوبەرگ و پێداویستیی دیکە.

لە ئامارەکەدا ئەو هاوکارییانەی خراونەتەڕوو تاوەکو دوێنێ 13ی شوبات گەیه‌ندراونەتە لێقەوماوان لە باكووری كوردستان و توركیا لە پارێزگاكانی دیلۆك، دیاربەكر و شارەكانی ئادیەمان، ئورفا، مەڕەش، مەلانیا و ئەدەنە، ھەروەھا شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان.

بەگوێرەی ئامارەكانی ده‌زگاكه‌، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 26 ھەزار ژەمە خواردن و نزیكەی 10 ھەزار بەتانی بۆ خۆپاراستن لە سەرمای زستانە بەسەر لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەدا دابەشكراون.

هه‌روه‌ها نزیكەی 60 بارھەڵگر گەیشتوونەتە ناوچەكە كە ئاوی پاك، سۆپا، پێداویستی منداڵان و جلوبەرگیان لەخۆگرتبوو، ھاوكات نزیكەی دوو ھەزار خێوەت بەسەر لێقەوماوان دابەشكراون،جگه‌لە ھاوكارییە پزیشكییەكان و چارەسەركردنی بریندارەكان.

سه‌باره‌ت به‌ سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، بەشێک له‌ هاوكارییه‌كان لەلایەن خودی ده‌زگاكه‌وه‌ دابیندەکراوه‌ و بەشێکیشیان لەلایەن کۆمپانیا و سەرمایەدارانەوە ئاماده‌كراوه‌ و له‌ڕێگه‌ی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانییه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ ناوچە زیانبەرکەوتووەکانی باکوور و رۆژئاوای کوردستان، تورکیا و سووریا