لە ٧ ساڵی ڕابردوو زیاتر لە نیوملیۆن عێراقی و کورد کۆچیان کردووە

هەزاران پەناخوازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا کە کوردێکی زۆریشیان تێدایە، لە نێوان سنووری وڵاتانی بیلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردووە و بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکانیان دونیای هێناوەتە سەر دەنگ و بۆ دوو بەرەی دابەش کردوون بەرەی دژایەتیکردنی سەفەری بەلێشاو بۆ ئەوروپا و بەرەی پشتیوانی لە مافی ئینسانی ئەو پەناخوازانە کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.

هەزاران چەکدار لەسەر سنوورەکانن:
کۆچبەرێکی کوردیش لە سنووری پۆڵەندا لە ڤیدیۆیەک باس لەوە دەکات کە”پۆلیسی پۆڵەندا ڕێگەی دەرچوونمان لە سنوری ئەو وڵاتە نادات و ئەمەش لەم دۆخە خراپەی سەرما و بێ جێیی و باران هۆکارە بۆ ئەوەی مەترسی لە سەر گیانی کۆچبەران و بەتایبەت ژنان و منداڵان دروست کردووە و ئەگەری هەیە کە بەم شێوەیە ئەگەر بمێنینەوە زۆر کەس گیان لەدەست بدات”.
لەگەڵ ئەوەشدا پەناخوازان خوازیاری ئەوەن کە نەگەڕێنەوە و ئێستا کۆچەکەیان بووەتە کۆچی بە کۆمەڵ و ئەمەش زەحمەتییەکی گەورەی بۆ دەوڵەتەکانی بیلاڕووس و پۆڵەندا دروست کردووە و ناچاری کردوون کە سنوورەکان زیاتر تەلبەند بکەن و هێزی زیاتر بهێننە سەر سنوور کە مەزەندە دەکرێت بە سەرووی ١٢ هەزار هێزی چەکدار.

گرژی و برینداربوونی پەناخوازان:
لە نێوان سنووری بیلاڕووس و پۆڵەندا و بە هۆی نەگەڕانەوەی پەنابەران گرژی دروست بووە و ئەمە چەند ڕۆژە ئەم گرژییە بەردەوامە و پەناخوازان داریان بڕیونەتەوە و خستوویاننەتە سەر تێلدڕووەکان تا بتوانن سنوورەکە ببڕن، لەبەرامبەریشدا هێزە چەکدارەکانی پۆڵەنداش بە گازی فرمێسکڕێژ و تەقەی ئاسمانی و تەنانەت بە قۆنداغە تفەنگان هەوڵیان داوە دووریان بخەنەوە و بەمەش چەندین پەناخواز بریندار بوون هەر ئەمەش بووە هۆی ڕەخنەی جددی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتان تا ئەوەی کە وتەبێژی حکومەتی پۆڵەندا دوای سەرپەرشتی کۆبوونەوەی حکوومەت لە لایەن سەرۆکی ئەو ڕایگەیاند:”لە کۆبوونەوەکەماندا باس لەوە کراوە کە هەرچەندە دۆخەکە قورسیش بێت، بەڵام چەک دوایین شت دەبێت بەرامبەر کۆچبەران بەکاری بهێنین.
هۆرست سیهۆفەر، وەزیری نێوخۆی کاربەڕێکەری ئەڵمانیاش لەم بارەوە گوتی :”پۆڵەندا یان ئەڵمانیا ناتوانن بە تەنیا ئەمە چارەسەر بکەن و داوالە یەکێتیی ئەوروپا دەکەم لەگەڵمان بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە و دەشبێت یارمەتی پۆڵەندا بدەین لە بەهێزکردنی سنوورەکانی و دووبارە ئەمەش ئەرکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپایە و داوایان لێدەکەم شتێک بکەن، چونکە زۆربەی ئەو پەناخوازانە دەگەنە ئەڵمانیا”. بە پێی زانیارییەکان، لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ نزیکەی ٥٠٠٠ کۆچبەر رووی لەو وڵاتە کردووە و هەر بۆیە ناچار بووە سنوورەکانی بەهێز بکات و تەنانەت پاسەوانی سنوورپارێزیش بنێرێت بۆ سنووری پۆڵەندا.

گیانلەدەستدان هەیە:
کێشەی پەناخوازان لەسەر سنوورەکانی بیلاڕووس و پۆڵۆنیا بەردەوامە و لەسنووری پۆڵۆنیا ٧ پەناخواز گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی گیانلەدەستدراوانی سنووری بیلاڕووس زۆر زیاترە و دەنگۆی مردن و گیانلەدەستدانی ١٥ پەناخواز لەو سنوورە بڵاو بووەوە بە هۆی سەرمای زۆر و بێ جێگەیی و بە پێی هەواڵی هەندێک سەرچاوە “لە نێو گیانلەدەستدراوان کوردیش هەیە”.
هەرچەندە بە تەواوەتی ئەم هەواڵانە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام ڕەتیش نەکراونەتەوە، چونکە دۆخی ئاو و هەوای ئەو سنوورە ساردە و پەناخوازانیش خواردن و پێداویستی و جلوبەرگیی باشیان پێ نییە و لەبەردەم مەترسییەکی گەورەی ڕەقبوونەوە و گیانلەدەستداندان و هیچ کەسیش ناتوانێت بچێت بە هانایانەوە، بەتایبەت ڕێکخراو و ناوەندە هاریکار و ئینساندۆستەکانیش تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی نەیانتوانیوە بگەنە ئەوێ بۆ یارمەتیدانیان.

بیلاڕووس تۆڵە لە یەکیەتی ئەوروپا دەکاتەوە:
یەکیەتی ئەوروپا پێشتر لەبەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، بیلاڕووسیان سزا دابوو، چونکە یەکیەتی ئەوروپا پێی وایە کە سیاسییەکانی بیلاڕووس دەیانەوێت تۆڵەی ئەو سزایە بکەنەوە بۆیە دەروازەکانیان بە ڕووی پەناخوازانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئەفریقا کردووەتەوە بۆ نێو سنوورەکانی یەکیەتی ئەوروپا، بەڵام سەرۆکی بیلاڕووس ئەو تۆمەتەی ڕەت کردەوە.
سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی بیلاڕووسیش سڤەتلانات هانۆڤسکای بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و سەرۆکی وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد بەرامبەر کێشەی پەناخوازان و گوتی: بیلاڕووس ڕێگە و دەروازەکان بۆ پەناخوازان دەکاتەوە بۆ سەر سنووری پۆڵۆنیا و بەمەش دەیەوێت کێشەکە قووڵتر بێتەوە.
لەبەرامبەردا ناوەندەکانی مافی مرۆڤی پۆڵۆنیا ناڕازی بوونی خۆیان بەرامبەر حکوومەتەکەیان نیشان داوە و ڕایانگەیاندووە کە پۆڵۆنیا مافی مرۆڤ کە مافێکی نێودەوڵەتییە، پێشێل دەکات. سەرۆکوەزیری پۆڵۆنیاش “ماتەوسز مۆراوەجک”، دەڵێت: ” ئەوەی ئێمە دەیکەین یاساییە و سنۆری وڵاتەکەمان تەنیا هێلێکی سەر نەخشە نییە، بەڵکو پیرۆزی خۆی هەیە و خوێنمان بۆی ڕشتووە. ئەم کارەی بیلاڕووس هاوشێوەی هەمان هەڕەشەی تورکیا بوو لە ساڵی 2015 کە دەروازەکان بە ڕووی زیاتر لە ملیۆنێک کۆچبەر کرایەوە بۆ گەیشتنە سونوری یۆنان و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.
ئورسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا داوای لە ئەندامانی یەکێتییەکە کرد بۆ ئەوەی سزای نوێ بەسەر بیلارووسدا بسەپێنن لەسەر لێشاوی کۆچبەراندا. گوتیشی کە بەکارهێنانی کۆچبەران بۆ مەبەستی سیاسی “قبوڵکراو نییە”.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕەخنەی لە پۆڵەندا گرت بەوەی کە نابێت تەنیا ڕەخنە لە بیلاڕووس بگرێت لەسەر ڕێگەکردنەوە بۆ پەناخوازانی عێراقی، بەڵکو دەبێت ڕۆڵی خۆی بیر بێت لە بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی دژ بە حکومەتی ئەو کاتەی عێراق.

ڕێژەی کۆچ لە عێراق و هەرێم:
بە پێی ئاماری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە حەوت ساڵی ڕابردوو واتە لە ساڵی (٢٠١٥ تا ٢٠٢١) لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ٦٣٣ هەزار و ٢٧٣ کەسی سەرووی ١٨ ساڵ کۆچیان کردووە کە زۆرترینی ئاماریش تایبەتە بە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی کە ١٨٦ هەزار و ٤٢٢ کەس بوون و لە ساڵی ٢٠٢١ـیش تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ هەزار کەسی سەرووی ١٨ ساڵ کۆچیان کردووە.
هەر بە پێی ئامارەکەی لووتکە، لەم حەوت ساڵەدا و لە نێو ئەم هەموو پەناخوازەدا، ٢٦١ کەس گیانیان لەدەست داوە و ١٨٧ کەس بێسەروشوێنن. بێجگە لەم ژمارە زۆرەی کۆچەبەران کە بۆ سەروو ١٨ ساڵە، بە دەیان هەزار کۆچبەری عێراقی و کوردیش لە وڵاتنی تورکیا و بیلاڕوس و لیتوانیا و پۆڵەندا و وڵاتانی بەڵکان لە نێو کەمپەکاندا گیریان خواردووە و داوای پەنابەرییان پێشکەش نەکردووە.

ھەواڵی زیاتر