له‌سه‌ر راسپارده‌ی مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌زگای خێرخوازی بارزانی، كۆمپانیای كاڤین گرووپ 163 شۆفڵ و گهڵابە و ئامێری هه‌ڵدانه‌وه‌ی داروپه‌ردوو رووخاوه‌كان ره‌وانه‌ی توركیا و سووریا ده‌كات.
كانیوار نێروه‌یی، ئه‌ندازیاری سه‌رپه‌رشتیار له‌و كۆمپانیایه‌ش ده‌ڵێت: به‌گوێره‌ی رووبه‌ری زیانپێگه‌یشتوو، به‌ڕێژه‌ی 70%ی ئه‌و ئامێرانه به‌سه‌ر شاره‌كانی توركیادا دابه‌شده‌كرێن و 30%ی ئامێره‌كانیش ده‌گوازرێنه‌وه بۆ سووریا.
ئەو ئەندازیارە ئاماژەی بەوەشدا، وێڕای ئه‌و ئامێرانه‌ش، بۆ به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوانی بومه‌له‌رزه‌كه، تیمێكی 50 كه‌سی راهێنراو و بڕێكی زۆری هاوكاری لۆجستی له‌گه‌ڵ ئه‌و كاروانه ره‌وانه‌ی باكوور و رۆژئاوای كوردستان ده‌كرێن.
لەلایەکی دیکەوە، ده‌زگای خێرخوازی بارزانی، راپۆرتی دووه‌می تایبه‌ت به كۆمه‌كی زیانلێكه‌وتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی توركیا و سووریا بڵاوكرده‌وه و تێیدا رایگه‌یاند، 14 بارهه‌ڵگری دیكه‌ی كۆمه‌ك و پیتاكی پزیشكی و پێداویستی لۆجستی و گه‌رمكه‌ره‌وه و خواردن، ئاماده‌كراوون بۆ دابه‌شكردن به‌سه‌ر لێقه‌وماواندا.
رۆژی دووشەممە (6ـی شوبات/فێبرایه‌ری 2023)، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك بە گوڕی 7.4 به پلەی رێختەر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی توركیا و سووریای هەژاند.
بوومه‌له‌رزه‌كه لە باشووری کوردستان و وڵاتانی سووریا، میسر، یونان، ئێران و چه‌ند وڵاتی دیكه‌ی ناوچه‌كه هه‌ستیپێكرا.
به گوێره‌ی ئاماری نوێی لایه‌نه فەرمییەکانی توركیا و سووریا تا ئێستا له هه‌ردوو وڵات‌دا زیاتر له 20 هه‌زار كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و به هه‌زارانی دیكه بریندار بوونه، وێڕای داڕمانی هه‌زاران باڵه‌خانه و شوێنی نیشته‌جێبوونی هاووڵاتیان