یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

نرخی نەوت بۆ سەرووی 86 دۆلار بەرزبووەوە

نرخی زێڕ رۆژی هەینی بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی بە 1864 دۆلار مامەڵەی پیوەکرا. هاوکات نرخی نەوت بە رێژەی 2٪ بەرزبووەوە بۆ سەرووی 86 دۆلار.

نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ رادەستکردنی لە مانگی چواری ئەمساڵدا بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و بە 1874 دۆلار مامەڵەی پێوەکراوە. بازرگانانی زێڕ چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی داتاکانی پەیوەست بە هەڵاوسانی مانگی 1ـی ئەمریکان کە بڕیارە لە رۆژی 14ـی ئەم مانگە بڵاوبێتەوە.

بارێت مالێک، سەرۆکی بەشی بازرگانی لە کۆمپانیای راوێژکاریی ( تی دی سیکیۆریتی) لەوبارەیەوە رایگەیاند، “دەبێت داتاکان بیسەلمێنن کە هەڵاوسان بە رادەیەکی بەرچاو کۆنترۆڵ بووە، بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەستبەرداری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بێت.”

مایکێل هیوسان، شرۆڤەکارێکی دیکەی بازاڕە داراییەکان لەوبارەیەوە رایگەیاند، “ئامارەکانی ئەم هەفتەیەی هەڵاوسان لە ئەمریکا ئاراستەی نرخی زێڕ دەستنیشان دەکەن.”

هۆسان پێیوایە ئەگەر هەڵاوسان رووی لە بەرزبوونەوە کردبێت، ئەوا ئەگەری هەیە نرخی زێڕ دابەزێت بۆ خوارەوەی 1850 دۆلار.

نرخی نەوت بە رێژەی 2٪ بەرزبووەوە بۆ سەرووی 86 دۆلار

نرخی نەوت لە دوایین ساتی داخستنی بازاڕەکان رۆژی هەینی بە رێژەی 2٪ بەرزبووەوە و لە ئاستی هەفتانەشدا بە رێژەی 8٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی رووسیا رایگەیاند مانگی داهاتوو لەبەر گەمارۆی نەوتی وڵاتانی رۆژئاوا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی رۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت کەمدەکاتەوە.

نرخی نەوتی برێنت یەک دۆلار و 89 سەنت بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێکی بە 86 دۆلار و 39 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها هەر بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا یەک دۆلار و 66 سەنت بەرزبووەوە و بە 79 دۆلار و 72 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 8.1٪ و نرخی نەوتی سووکی تەکساس بە رێژەی 8.6٪ لە ماوەی یەک هەفتەدا بەرزبووەوە.

ئەلێکسەندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا رایگەیاند، لە مانگی داهاتووەوە قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت رۆژانە 500 هەزار بەرمیل کەمدەکاتەوە کە یەکسانە بە 5٪ـی کۆی بەرهەمی نەوتی ئەو وڵاتە.

وڵاتانی رۆژئاوا لە رۆژی پێنجی ئەم مانگەوە ئاستێکی دیاریکراویان بۆ نرخی بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیا دەستنیشانکردوو، بەتایبەتی وڵاتە ئەوروپییەکان هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی رووسیایان جێبەجێکردووە.

رێبێکا بابین، شرۆڤەکاری نەوت سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( سی ئای بی سی پرایڤێت وێڵس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، “زۆربەی شرۆڤەکاران پێشبینییان کردووە قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوتی رووسیا لە ساڵی 2023 دا رۆژانە 700 هەزار تاوەکو 900 هەزار بەرمیل کەمبکات.”