یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

بە گوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق و شاندی یاوەری، لەگەڵ وۆڵی ئادیمۆ، جێگری وەزیر و بەرپرسانی دیکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا باسیان لە “ژمارەیەک پرسی هاوبەش و پێکەوەکارکردنی نێوان هەردوو وڵات” کردووە. 

لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی عێراق “ئاماژەی بە رێکارەکانی حکومەت و بانکی ناوەندیی [عێراق] کرد بۆ بەرەوپێشبردن و ئەنجامدانی چاکسازی لە سیاسەتی دارایی” عێراقدا. 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، شاندی عێراقی بە بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکای راگەیاندووە کە “بەهێزکردنی وەبەرهێنان و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەنووکەییەکان لەسەر ئاستی دارایی و بانکی” کارێکی “لەپێشینەی” حکومەتی عێراقە لەپێناو “چاککردنی سیستمی بانکی” و “بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە.”

بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، شاندی عێراقی جەختی لە “گرنگیی بەردەوامبوونی کۆبوونەوە تەکنیکییەکانی هەردوولا لەو بوارە کردووەتەوە.”

هاوکات وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە “دۆخی ئابووریی عێراق و پلانەکانی حکومەت بۆ چاککردنی کەرتی ئابووری و دارایی و پابەندبوونی هاوبەش بە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و رێکارەکانی رێگریکردن لە پارەدارکردنی تیرۆر” کردووە. 

لە راگەیێندراوی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە، وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا “جەختیان لە گرنگیی پەیوەندیی دووقۆڵی و بەردەوامیی ئابووریی نیوان ئەمریکا و عێراق و ئامانجی هاوبەشیان بۆ بەهێزکردنی ئابووریی عێراق کردەوە.”

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، هەردوولا باسیان لە ئاڵنگارییەکانی بەردەم ئابووریی عێراق کردووە، “لەوانەش گەندەڵی، سەربەخۆیی وزە و پرسی رێژەی ئاڵۆگۆڕی دراو.”