دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سامان بەرزنجی: نزیکەی 20 تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشکیمان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە ناردووە

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، تائێستا نزیکەی 20 تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشکیان بۆ زیانلێکەوتووان بوومەلەرزەی تورکیا و سووریا رەوانە کردووە.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی کۆمەک و هاوکاری هەرێمی کوردستان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەی تورکیا و سووریا رایگەیاند، بە سەرپەرشتی پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان هەڵمەتی کۆکردنەوە کۆمەک و هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بەڕێوەدەچێت.

گوتیشی: “وەزارەتی تەندروستی تورکیا لە رێگەی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوای لێکردوین دەرمان و پێداویستی تەندروستی زیاتر پێشکەش بە وڵاتەکە بکەین، چونکە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی تورکیا پێویستیان بە چارەسەری تەندروستی هەیە، لەسەر رەزامەندیی و راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هەموو ئامادەییەکی بۆ هاوکاری پیشانداوە، وەکو وەزارەتی تەندروستی بەشدارین لە کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە”.

وەزیری تەندروستی ئاشکراشی کرد: “تائێستا نزیکەی 20 تۆن دەرمان و پێداویستی پزیشکیمان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە رەوانە کردووە، هاوکات دەزگای خێرخوازی بارزانی پێداویستی زۆری پزیشکی رەوانە کردووە و بەشێکی دیکەشی ئامادە کردووە”