پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە ساڵى ڕابردوو 1086 پڕۆژە بە گوژمەى 284 ملیار و 373 ملیۆن و 295 هەزار دینار، لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجام دراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 08ـی 02ـی 2023، ئومێد خۆشناو دواى دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر دەستبەکاربوونی وەک پارێزگارى هەولێر، لەبەردەم سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و لە کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە (105)ـی ئەنجوومەن، کار و پڕۆژەکانی ساڵى 2022 و پلان و بەرنامەى کارى پارێزگاى هەولێری لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر بۆ ئەم ساڵ 2023 خستەڕوو.
لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: وێڕاى ئهوهى سوپاسى پاڵپشتى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى کرد، پارێزگاری هەولێر، ڕاپۆرتێکى سەبارەت بە تەواوى ئەو پڕۆژە و کارانەى کە لە ماوەى ساڵی ڕابردوودا لە سنوورى پارێزگای هەولێر جێبەجێ کراون لە سهر بوودجەى پەرەپێدان و سەربار و لە ناکاوى پارێزگا لە سێکتەرە جیاوازەکان و جێبەجێکردنى چەندین پرۆژەی دیکەی ستراتیجی لەلایەن وەزارەتەکانەوە خستەڕوو، هەروەها ئاماژەى بە دروستکردنى چەنین پڕۆژەى پۆندى ئاو کرد لە ناوچە جیاجیاکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و گوتی: ساڵى 2021 بە گوژمەى 28 ملیار دینار چەندین پڕۆژەى خزمەتگوزاریمان ئەنجام داوە کە ئەوکات ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانیش لەڕووى کارگێرییەوە لەسەر پارێزگاى هەولێر بوو، بۆ ساڵى ڕابردووش گوژمەى پڕۆژەکانمان دەتوانین بڵێین بۆتە سێ بەرامبەر کە 4 قەزای ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانیش لێى جیاوازبۆتەوە.
پاریزگارى هەولێر لهبارهى ئهنجامدانى پڕۆژه خزمهتگوزارییهكانى ساڵى 2022ى سەرجەم قەزاکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریش گوتىشی: لە ساڵى 2022، (132) پڕۆژەى خزمەتگوزارى بە گوژمەى (84 ملیار و 644 ملیۆن دینار) لە سنووری پارێزگای ھەولێر لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگا جێبەجێ کراوە، هەروەها پڕۆژە بەردەوام و تهواونهكراوەکانیش ئەویش ژمارەیان (45) پڕۆژە بووە بە گوژمەى (24 ملیار و 608 ملیۆن دینار) جێبەجێ کراون کە ئەم پڕۆژانەش بەشێک بوون لەو پڕۆژانەى ساڵانى ڕابردوو و کاتى قەیرانى دارایی بوون مابوونەوە.
ئومێد خۆشناو ئاشکراشى کرد، لە بوودجەى سەربار و لەناکاوى پارێزگاى هەولێریش (390) پڕۆژە بەگوژمەى (14 ملیار و 89 ملیۆن و 649 هەزار دینار) جێبەجێکراون، هەروەها چەندین پڕۆژەى دیکە لەسەر بودجەى وەزارەتى ناوخۆ و داهاتى بەڕیوەبەرایەتى هاتووچۆى هەولێر جێبەجێکراون لەوانە دروستکردنى چەندین پردى پەڕینەوەى پیادە لە شەقامە سەرەکییەکانى شارى هەولێر، ئەوە جگە لە لەجێبەجیکردنى (74) پڕۆژە لەسەر داهاتى 15% سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکان بە گوژمەى (15 ملیار و 502 ملیۆن و 336 هەزار دینار) کە بەشى زۆرى پرۆژەکان قیڕتاوکردن و چاککردنەوەى ڕێگاو بانەکان بوون، هەروەها لەسەر داهاتى 8%ى کارەباش (210) پڕۆژە بەگوژمەى (18 ملیار و 759 ملیۆن دینار) لەسنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدراوە، سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەى ووشکەسالیش بە گوژمەى (12 ملیار و 876 ملیۆن و 72 هەزار دینار) چەندین پڕۆژە ئەنجامدراون وەک لێدانى (130) بیرى نوێ و گەیاندنى کارەباى بەردەوام لەڕێگەى مولیدە ئەهلیەکانى گەڕهکەکان و چارەسەرکردنى گرفتە تەکنیکیەکان و قوڵترکردنەوەى بەشێکى زۆرى بیرەکان.
پاریزگارى هەولێر ڕاشیگەیاند: کۆى گشتیى ئەو پڕۆژانەى کە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر لە ساڵى ڕابردوودا ئەنجامدراون (1086) پرۆژەن بە گوژمەى (284 ملیار و 373 ملیۆن و 295 هەزار دینار) ئهنجام دراون.
لە ڕاگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەش دا کە لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە زەرەر و زیانەکانى لافاوەکانی ساڵانى ڕابردووش پارێزگارى هەولێر تەواوی وردەکاری چۆنیەتی قەرەبووکردنەوە زیانلێکەوتووان و ئامادەکارییەکانى پارێزگاى هەولێرى بۆ بەرگرتن لە دروستبوونى لافا و ڕووبەرووبوونەوەی مەترسییەکانى خستەبەردەم ئەندامانی ئەنجوومەن.
لە کۆتایدا پارێزگاری هەولێر، لهبارهى پلان و بەرنامەى کارى پارێزگاى هەولێر بۆ ساڵی 2023، رایگەیاند: بەپێى ئەو پلان و ئامادەکارییە لە پارێزگاى هەولێر بۆ پڕۆژەکانى ئەم ساڵ 2023 کراوە، چەندین پڕۆژە دیکەى خزمەتگوزارى لە سنووری پارێزگای ھەولێر جێبەجێ دەکەین”.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەش دا کە پاشان دەرفەت بە ئەندامانى ئەنجوومەن درا بۆ پرسیاركردن و خستنهڕووى سەرنج و تێبینییەکانیان و لەلایەن پارێزگارى هەولێر وەڵامی پرسیار و تێبینى و سەرنج و پێشنیارەکانیان درایەوە.