وڵاتی فەرەنسا بڕیاری داوە شوێنەوارەکانی دەڤەری ئامێدی نۆژەن بکاتەوە و بەڕێوەبەری شوێنەواری دھۆکیش دەڵێ، بە نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکانی ئامێدی لە لەناوچوون ڕزگاریان دەبێت و سێ شوێنەواری گرینگ نۆژەن دەکرێنەوە.
بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەواری دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “کونسوڵی فەرەنسا چەندین جار سەردانی پارێزگای دھۆک و قەزای ئامێدی کردووە و کونسوڵخانەی وڵاتی فەرەنسا بڕیاری داوە لەگەڵ دوو ڕێکخراوی دیکە بەشێک لە شوێنەوارەکانی قەزای ئامێدی نۆژەن بکەنەوە، ئەوانیش قوتابخانەی قۆبەھان و منارەی مزگەوتی ئامێدی و مەزارگەی پیر حەزان، بە نۆژەنکردنەوەیان ئەو شوێنەوارە مێژوویییانە لە لەناوچوون ڕزگاریان دەبێت.”
بەڕێوەبەری شوێنەواری دھۆک دەشڵێت: “لە سنووری پارێزگای دھۆک چەندین شوێنەوار ھەن و بەشێکیان پێویستیان بە نۆژنکردنەوەیە، ئێمەش بەردەوام دەبین لەسەر گرینگیدان بە شوێنەوارەکان و پاراستنیان.”
بێکەس بریفکانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شوێنەواری دھۆک گرێبەستی لەگەڵ زانکۆی پالێرموی ئیتاڵی ھەیە بۆ ھەڵدانەوە و بەدیکۆمێنتکردنی ٣٠ شوێنەوار لە نزیک بەنداوی مووسڵ کە دەکەونە سنووری شوێنەواری دھۆک و بڕیارە بە ئامێری پێشکەوتوو کاری تێدا بکرێت.”