چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

وەزیری ژینگەی توركیا: بوومەلەرزە كاریگەریی لەسەر 13 ملیۆن و نیو هاووڵاتی دروست كردووە

وەزیری ژینگەی توركیا، لە پرێس كۆنفڕانسێكدا ئاشكرای كرد، ئەو بوومەلەرزەیەی لە توركیای دا، كاریگەریی لەسەر 13 ملیۆن و نیو هاووڵاتی دروست كردووە، چونكە لە هەندێك ناوچە باڵەخانەكان بەتەواوی رووخاون.

موراد كورووم، وەزیری ژینگەی توركیا، دەڵێت، تەنیا لە غازی عەنتابدا 581 باڵەخانە رووخاون، كە سەدان خێزانیان تێدا ژیاوە، هەروەها 468 كەس لە عەنتاب گیانیان لەدەست داوە.

كورووم دەڵێت: ”بوومەلەرزە گاریگەریی لەسەر 13 ملیۆن و نیو هاووڵاتی دروست كردووە، چونكە لە 10 شاری توركیا بوومەلەرزە روویداوە و هەزاران باڵەخانە رووخاوە. دەبێت ئەوە بزانین، كە وڵاتەكەمان 70%ی لەسەر هێڵی بوومەلەرزەیە و بوومەلەرزەكەی ئەمجارەش بەشێوەیەك بووە، لە مێژووی توركیادا جاری یەكەمە بەو رادەیە بوومەلەرزە روو بدات.“

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، دڵنیایی دایە هاووڵاتییان، كە ئەوەی لە دەستیان بێت دەیكەن و تیمەكانیان بەردەوام كار دەكەن و پێداویستیی دەدەنە ئەو كەسانەی لەسەر شەقامەكانن و دەڵێت 72 سەعات بۆ توركیا زۆر بەبایەخە، بۆیە دەڵێت، دەبێت هەموو لایەك هاوكار بێت.

لەبارەی ژمارەی ئەو كەسانەی گیانیان لەدەست داوە، وەزیری ژینگە ئاشكرای كرد، كە ژمارەی گیان لەدەستدان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و تاوەكوو ئێستا 3381 كەس گیانیان لەدەست داوە.