سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە ئەدەبی جیهانەوە: چیرۆكی سێ دزەكەلە ئەدەبی جیهانەوە:

لیۆ تۆلستۆی

جارێكیان جووتیارێك لە گوندەوە كەرێك و بزنێكی بەرەو شار برد تا بیانفرۆشێت، بزنەكە زەنگوڵەیەكی لە ملدا بوو، كە بە ڕێگادا دەڕۆیشت، سێ دز بە هێواشی بەدوای كەوتن.
دزی یەكەم: من بزنەكە دەدزم بێ ئەوەی هەستی پێ بكات.
دزی دووەم: منیش هەوڵ دەدەم كەرەكەی لێ بدزم.
دزی سێیەم: بۆ من زەحمەت نییە، منیش بەرگەكەی لەبەر دادەكەنم و دەیبەم.
دزی یەكەم بە هێواشی لە بزنەكە نزیك بووەوە و زەنگوڵەكەی لە مل كردەوە و بزنەكەی بردە نێو دارستانێك.
لە نیوەی ڕێگا جووتیارەكە ئاوڕی دایەوە، بینی بزنەكەی نەماوە، گەڕایەوە دواوە تا بیدۆزێتەوە، تووشی دزی دووەم بوو، پێی گوت: هیچ بزنێكت لەم ناوە نەدیوە؟ ئەویش پێی گوت: پێش كەمێك پیاوێكم لەم دارستانەدا بینی بزنێكی پێ بوو! زۆر دوور نییە دەتوانیت بیگەیتێ.
كابرای جووتیار داوای لێ كرد ئاگای لە كەرەكەی بێت هەتا دێتەوە! بۆیە دزی دووەم بە ئاسانی كەرەكەی برد و تێی تەقاند.
كاتێك جووتیارەكە لە دارستانەكە گەڕایەوە، نە كابرای دۆزییەوە نە كەرەكەی، زۆر خەفەتی خوارد و دەستی كرد بە گریان، بەردەوام بە ڕێگادا دەڕۆیشت بەو ئومێدەی بیاندۆزێتەوە، نزیك گۆمێك پیاوێكی بینی (دزی سێیەم بوو) دانیشتووە و دەگریێ، لێی پرسی: بۆچی دەگریت چیت لێ قەوماوە، دزی سێیەم: هاتمە سەر ئەو ئاوە، زۆر تینووم بوو، كاتێ ویستم ئاو بخۆمەوە، كیسەیەكم لێ كەوتە ناو ئاوەكە پڕ بوو لە لیرەی زێڕ! جووتیارەكە: بۆ ناچیت دەری بهێنیت؟ پیاوەكە: ئاخر من نازانم مەلە بكەم، دەترسم بخنكێم! بەڵام ئەگەر بۆم بدۆزیتەوە، بەڵێن بێت بیست لیرەی زێڕت بدەمێ.
جووتیارەكە بەم قسەیە دڵخۆش بوو، لە دڵی خۆیدا دەیگوت: ئەوە بۆ من زۆر باشە، ئەگەر ئەو لیرانەم بداتێ قەرەبووی بزن و كەرەكەمی پێ دەكەمەوە، بۆیە جلكەكانی داكەند و دوای ماندووبوونێكی زۆرو گەڕان لە گۆمەكە هاتە دەرەوە، بەڵام نەیدۆزییەوە، بە لای ڕاست و چەپدا گەڕا، كابرای نەبینییەوە، تومەز دزەكە جلكەكانی بردووە و هەڵاتووە؛ ناچار بە غەمباری و ڕووتوقووت لە ڕۆخ گۆمەكە لێی دانیشت! دزەكانیش قسەی خۆیان هێنایە جێ و دزییەكەیان سەری گرت.

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: بەهادین جەلال مستەفا