بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، دوای کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیە ڕۆشنبیرییەکان و ئامادەبوونی (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر، کە ساڵانە چالاکییەکان بە هاوبەشی دەکرێت و پڕۆژە پلانەکانیان بۆ ١٣هەمین خولی فیستیڤاڵی ئادار و نەورۆز تاوتوێ کرد.
(فەرهەنگ غەغوور)، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر لە ئاخاوتنێکی بۆ (هەولێر) دەڵێت: دوای کۆبوونەوەی ئاسایی خۆمان وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم و ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، ئامادەکاریی دەکەین بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی هونەری بەبۆنەی یادەکانی ئادار و نەورۆز، کە لە ساڵی ڕابردوودا توانیمان ٢١٥ چالاکیی هونەری وەک پێشانگای شێوەکاریی و گۆرانی و موزیک و شانۆ و کۆنسێرتی تایبەت و تابلۆی هونەرییەکان ئەنجام بدەین، ئەمساڵیش کە فیستیڤاڵەکە سێزدەهەمین خولیەتی، زۆرترین چالاکیی لە هەولێر ئەنجام دەدەین، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ پەیمانگای هونەرە جوانەکان و ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی هەولێر و سەرجەم بەشە هونەرییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکەمان سەرگەرمی گەڵاڵەکردنی پڕۆژەی نوێی هونەری دەبین.