دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

کارکردن، شکۆمەندی کۆمەڵایەتی ئافرەتان زیاد دەکات

ئافرەتان لە هەموو بوارەکاندا کاردەکەن و تەنانەت بەشێکی زۆری ئافرەتان لە ئێستا لە پێش پیاوانیشەوەن بۆ کارکردن، بە حوکمی بەرەوپێش چوونی قۆناغەکانی ژیان و تەکنەلۆژیا و ئامێرە ئەلکترۆنیەکان کە توانیویانە کاریگەری و گۆرانکاری لەژیانی کارکردندا بکەن و زیاتر کارەکان بوون بە بەکارهێنانی هزو بیری زیرەک لە ئێستادا بەکارهێنانی هێز و بازوو بۆ کارکردن کەم بۆتەوە ئەمەش وای کردووە دوای دەرچوون و بەدەستهێنانی بڕوانامە ئافرەتان و پیاوان لە بەڕێوەبردن و کارکردن لە پسپۆریەکانیان وەک یەک کار بکەن زۆرجار تواناو هزری بیرکردنەوەی ئافرەتان بۆ کارکردن لە سەروو تریشە. ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگا و بەرەو پێشچوونی زیاتر. 

لە هەمووشی گرنگتر ئازادی ئابوورییان مسۆگەر دەکات، گرینگە کار بکرێت بۆ بەهێزکردنی ئافرەتان، هان بدرێن کە ئافرەتان پێویستن بۆ کۆمەڵگە. ئافرەتان دەتوانن بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن. گەر ئامار و داتا وەربگیرێت و لێکۆلینەوە بکرێت دەزانرێت چەندین ئافرەت هەن کە تەنیا کەسن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان کار دەکەن و لەسەر پێی خۆیان وەستاون. حەز و ئارەزووی کارکردن زۆرجار وای لە ئافرەتان کردووە کە بەشێکیان خاوەن دوو کاربن بەمەبەستی پتەوکردنی ئابووری زیاتر، بینینومانە و بیستوومانە کە هەم لەکەرتی گشتی هەم لە کەرتی تایبەتیش کار دەکات. تەنانەت ئەو ئافرەتانەی کە خاوەن کاری خۆیانن توانیویانە دەرفەتی کار بۆ ئافرەتی تر بڕەخسێنن. ئەگەر سەیری مێژووی جیهان بکەین لەوە تێدەگەین کە ئافرەتان خاوەنی چەندین كارو پیشە و داهێنانی جۆرا و جۆر بوون، هەرچەندە زۆربەی كارەكان و ناو و ناوبانگیان وونە بەهۆی كەلتورو عەقڵیەتە جۆر بەجۆرەكانەوە. 

بە خۆشحاڵیەوە دەتوانین ئاماژە بەوە بکەین لە ئێستادا کچان ئافرەتان بەگشتی بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو کارکردنی ئافرەتان ڕووی لە زیادی کردووە. توانیویانە کاربکەن بە ئازادانە و بێ گوێدان بەو بەربەست و تەگەرانەی دێنە بەردەمیان و ڕووبەڕوویان دەبنەوە. بێگومان کۆمەڵگای کوردیش توانیویەتی تا ڕادەیەک بگات بەو ئاستەی کە کارکردن بۆ ئافرەتان شتێکی ئاسایی بێت بە بەراورد بە جاران کە عەیبە بوو، ئافرەتان تەنها پشتیان بە پیاوێک دەبەست بۆ ئەوەی لە ڕووی داراییەوە بژێویان دابین بکەن و پێداویستیەکانیان پڕ بکەنەوە، بەڵام جێگای دلخۆشیە ئەم باردۆخە گۆڕانکارییەکی ئەرێنی بەسەرداهات و لە ئێستادا ماڵبات و کەس و کاری ئافرەت شانازی بە کچەکانیان دەکەن کاتێک دەتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بوون بە هاندەرێکی باش بۆ پێگەیاندنی توانای ئابووری کچەکەیان هەرچەندە ئەم ڕێژەیە سەدا سەد نیە هێشتا ماویەتی. ئەوەی لێرەدا گرینگە ئاماژەی پێ بکرێت لە کەرتی حکومی و تایبەتی و حزبی و هەروەها وەبەرهێنەران و خاوەنکارەکان و پیشەوەران و کۆمپانیاکان دەرفەت و هەلی گونجاو بڕەخسێنن بۆ ئافرەتان کە بتوانن کاربکەن. بێگومان لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی کار بۆ ئافرەتان تا ڕادەیەکی باش بەرەوپێش چووە، بەڵام بەداخەوە لە عێراق کەمتر توانراوە ئافرەتان دەرفەتی کارکردنیان هەبێت. ماڵپەڕی شەفەق نیوز رایدەگەیاندووە، دەرفەتی کارکردن بۆ ئافرەتانی عێراق لە بازاڕی کاردا کەمە، وێڕای ئەوەی ئافرەتان بە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن، بەڵام بە هۆی هەبوونی کۆسپ و رێگرییەکانی دابونەریت لەبەردەمیان، رێژەی ژنانی کارکەر لە %15 تێپەڕناکات. رۆژی (حەوتی تشرینی دووەمی/2022) ئاژانسی هەواڵی شەفەق نیوز بڵاویکردووەتەوە، نەبوونی دەرفەتی کارکردن بۆ ئافرەتان وایکردووە رێژەی ئافرەتانی کارکەر لە عێراق زۆر کەم بێت، لەگەڵ ئەوەی %49ی کۆی دانیشتوانی عێراق لە ئافرەتان پێکدێت، تەنیا %15یان لە بازاڕی کاردان.